كەسێك بە تۆمەتی دزیكردن لە هەولێر دەستگیركرا و پۆلیسی شارەكەش دەڵێت، لەكاتی دەستگیركردنیدا كارمەندێكی هێزەكانیانی برینداركردووە و دەریشكەوتووە مادەی هۆشبەر بەكاردەهێنێت.
هۆگر عەزیز، وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ئەمڕۆ پێنجشەممە 21ی كانونی دووەم بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، دوای ئەوەی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان/ نوسینگەی باکوور ئاگادارکرانەوە بەبوونی ڕوداوێکی دزینی ماتۆڕسکیلێک، تیمێکی لێکۆڵینەوە پێکهات و دوای وەرگرتنی زانیاری و لێکۆڵینەوەیەکی وورد توانرا تۆمەتبار بەناوی (ڕ. س. ع.) دەستگیربکەن.
وتیشی، “دوای دەستگیرکردنی دانینا بە ئەنجامدانی پێنج تاوانی دزینی ماتۆرسکیل لە پێنج شوێنی ناو هەولێردا”.
هۆگر عەزیز ئەوەشی خستەڕوو، لەکاتی دەستگیرکردنیدا، تۆمەتبار ڕوبەڕووی هێزەکانیان بووەوە و کارمەندێکی پۆلیسی بە چەقۆ برینداركرد، بەڵام برینەكەی سوكە.
ئاشكراشیكرد، لەكاتی دەستگیركردنیدا دەركەوت تۆمەتبار هەم مادەی هۆشبەری بەكارهێناوە، هەم بڕێك مادەی هۆشبەری پێگیرا.
تۆمەتبار پاش دەستگیركردنی پەڕاوی بۆ ڕێکخرا و بەپێی مادەی 446 لە یاسای سزادان بەندكرا.