رێگایەکی نوێی بازرگانی لە نێوان هیندستان و ئەمریکا دروستدەکرێت و بە ئیسرائیل و ئیتاڵیادا تێدەپەڕێت.
میدیا جیهانییەکان بڵاویانکردەوە، لەسەر داواکاریی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رێگایەکی بازرگانی نوێ دروستدەکرێت، کە بە سنووری چەند وڵاتێکدا تێدەپەڕێت.
باس لەوەشدەکەن، ریگا نوێیەکە، هاوکاری هەردوو وڵات دەکات لە دەستگەیشتنیان بە ژمارەیەک بەندەر و هێڵی گواستنەوە و رێگای بازرگانی گەورە، کە لە وڵاتی هیندستانەوە دەستپێدەکات و بە هەریەکە لە وڵاتەکانی ئیسرائیل و ئیتاڵیا تێدەپەڕێت و لە ئەمریکادا کۆتایی پێدێت.
ئەوەش خراوەتەڕوو، بیرۆکەی رێگا بازرگانییە، لەسەر داواکاری دۆناڵد ترەمپ بووە لە چوارچێوەی کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ نارێندرا مودی سەرۆک وەزیرانی هیندستان، کاتێک بە مەبەستی بەهێزکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکانیان، ترەمپ ئەو داواکارییەی ئاراستەکردووە.
هاوکات، چاودێرانی سیاسی، هۆکاری پێشنیارکردنی رێگاکە لەلایەن ترەمپەوە بۆ دوو مەبەستی سەرەکی دەگەڕێننەوە، ئەوانیش: ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هیندستان، و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی رێگای ئاوریشمی چینی، کە چەند ساڵێکە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتووەتەوە.