کۆنفرانسى ئاسایشى میونشن دەستپێدەکات

بڕیارە ئەمڕۆ کۆنفرانسى ئاسایشى میونشن 2025 دەستپێبکات کە تا 16ى ئەم مانگە لە هۆتێل بایریشر هۆف لە شارى میونشن-ى ئەڵمانیا بەردەوام دەبێت بە بەشدارى سەرکردەى وڵاتانى ناوچەکە و جیهان و بڕیاربەدەستان بۆ تاوتوێکردنى ئالنگارییە ئەمنییە نێودەوڵەتییەکان.

چاوەڕوان دەکرێت نزیکەى 60 سەرۆکى وڵات و حکومەت بەشداریی کۆنفرانسەکە بکەن، جگە لە سەدان بەرپرس و شارەزاى ناوچە جیاجیاکانى جیهان.

کۆنفرانسەکە، ساڵانەیە و لە میونشن-ى ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت، بە یەکێک لە دیارترین کۆنفرانسە جیهانییەکانى پەیوەست بە سیاسەتى ئاسایش و بەرگرى دادەنرێت. تیایدا سەرانى بەشدار تاوتوێى ناکۆکییە جیۆسیاسییەکان، تیرۆر، ئاسایشى ئەلیکترۆنى، پڕچەککردن و ئالنگارییە جیهانییەکانى وەک گۆڕانى ئاووهەوا و پەتا دەکەن.

کۆنفرانسەکە لە ساڵى 1963 دامەزرایەوە، سەرەتا تایبەت بوو بە پرسە ئەمنییە کیشوەرییەکان، بەڵام دواتر بووە سەکۆیەکى جیهانى بۆ گفتوگۆکردن لەبارەى گرفتە ئەمنییە زیاتر بەرفراوانەکان.

دۆخى سازدانى کۆنفرانس:
کۆنفرانسى ئەمساڵ لەکاتێکى هەستیار و یەکلاکەرەوەدا ئەنجامدەدرێت:

– حکومەتى نوێى ئەمریکا ئەرک و دەسەڵاتى وەرگرتووە.

– خولێکى یاسادانانى نوێى یەکێتیى ئەوروپا لە برۆکسل دەستپێدەکات.

– تەنها هەفتەیەک پاش کۆنفرانس، هەڵبژاردنى پەرلەمانى لە ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت.

خشتەى کارەکان:
– ئەمڕۆ هەینى بەرنامەى سەرەکى جەخت لەسەر حکومڕانى جیهانى، چەسپاندنى دیموکراسى و ئاووهەوا دەکاتەوە.

– شەممە تاوتوێى دۆخى سیستمى نێودەوڵەتى، گرفتە هەرێمایەتییەکان و ئاییندەى هاوبەشیی ئەودیو زەریا دەکرێت.

– یەکشەممە، کۆنفرانسەکە بە تاوتوێکردنى رۆڵى ئەوروپا لە جیهان. ئاسایشى نێودەوڵەتى- کۆنفرانسى میونشنى ساڵى 2023 و سیستمى نوێى جیهان کۆتایى دێت.

دیارترین کەسایەتییە بەشداربووەکان:
مارک رووتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ
ئورسولا ڤۆن دێر لێین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا
رۆبێرتا مێتسۆلا، سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا

کەسایەتییە کوردییە بەشداربووەکان:
بافڵ جەلال تاڵەبانى، سەرۆکى یەکێتیی نیشتمانیى کوردستان
نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان
یونس بەهرام، سیاسەتمەدار و رووناکبیرى کورد بە نوێنەرایەتى بەڕێوەبەرایەتى خۆسەر لە رۆژئاواى کوردستان.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان نەیتوانی ئاگربەست لە غەززە پەسەند بکات

ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە دانیشتنی ئەمڕۆ چوارشەممەدا، بەهۆی ڤیتۆی ئەمریکاوە نەیتوانی بڕیارنامەی ئاگربەست لە غەززە پەسەند بکات.…
Total
0
Share