هاتوچۆی هەرێم لەبارەی چۆنیەتی شۆفێریکردن لە کەشوهەوای بەفراویدا چەند رێنماییەک بە شۆفێران دەدات.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنداروێکدا بڵاویکردەوە، لە کەشوهەوای بەفرباریندا شۆفێریکردن بۆ دوو هێندە قورسدەبێت، بۆ پاراستنی خۆت و دەوروبەرەکەت لەسەر تۆی شۆفێر پێویستە ئەم رێنماییانەی خوارەوە بە تەواوی جێبەجێبکەیت:
ـ کەمکردنەوەی خێرایی بۆ رادەیەک کە توانای وەستاندنەوەی ئۆتۆمبێلەکەت هەبێت، واتە لە ناو شارەکان خێرایی لە 30 بۆ 50 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا زیاتر نەبێت، هەروەها بۆ دەرەوەی شارەکان لە 60 کیلۆمەتر یان کەمتر بەگوێرەی بارودۆخی شەقامەکە خێرایی کەمو زیاددەکەیت.
ـ پاراستنی ماوەی سەلامەتی لەنێوان ئۆتۆمبێلەکەی خۆت و ئۆتۆمبێلی بەردەمت، ئەم خاڵە گرنگییەکی زۆری هەیە، چونکە توانای وەستاندنی ئۆتۆمبێل لە بەفرباریندا کەمدەکات بۆیە پێویستە ماوەیەکی دیاریکراوت هەبێت بۆ وەستاندن.
ـ کار پێکردنی رووناککەرەوەی نزم گرنگییەکی زۆری هەیە، چونکە بارینی بەفر رێژەی بینین کەمدەکاتەوە.
ـ دڵنیابوون لەوەی ئۆتۆمبێلەکەت کەموکوڕی نییە.
ـ دڵنیابوون لە هەبوونی کەلوپەل و پێداویستییە گرنگ و پێویستەکان لە ئۆتۆمبێلەکەتدا.
ـ نابێت شۆفێر بە شپرزەیی و لە ناکاو ئیستۆپ بگرێت، بەڵکو بە نەرمی و لەسەرخۆیی.
ـ بە هیچ شێوەیەک سەردانی ناوچە شاخاوییەکان نەکەن بە مەبەستی گەشتکردن.
ـ لە کاتی بوونی حاڵەتی نەخوازراو راستەوخۆ پەیوەندی بە لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە بکرێت:
هاتوچۆ 440
پۆلیسی فریاکەوتن 104
فریاگوزاریی تەندروستی 122
بەرگریی شارستانی 115
کۆنتڕۆڵی ئاسایش 106