ئەندامێکی لیژنەی کشتوکاڵی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، “دەستپێکردنەوەی هەناردەی بەرهەم بۆ عێراق دەبێتە هۆی باشترکردنی دۆخی ئابوریی هەرێم”.
غەریب ئەحمەد، ئەندامی لیژنەی كشتوكاڵ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، “دوای چەندین رۆژ لە گفتوگۆی بەردەوام و هەوڵی بێوچان، توانیمان بەغداد رازیبکەین بە هەڵگرتنی هەموو رێگرییەکانی بەردەم بەبازاڕکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی هەرێم و رێگەدان بە هەناردەکردنی بەرهەمی کێڵگە پەلەوەرییەکان، کردنەوەی دەرگا بۆ ناردنی گۆشتی مریشک و هێلکە”.
دەشڵێت، “دووبارە دەستپێکردنەوەی هەناردە بۆ ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەبێتە هۆی پشتگیریکردنی بەرهەمهێنەرانی ناوخۆ، گەشەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ و پەلەوەری، باشترکردنی دۆخی ئابوریی هەرێم”.
وتەکانی ئەو پەرلەمانتارە لەکاتێکدایە، بڕیاردراوە سبەینێ هەناردەکردنی مریشک و هێلکەی هەرێم بۆ شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەستپێبکاتەوە ئەوەش دوای ئەوەی بۆ ماوەیەک لەلایەن عێراقەوە راگیرا.