هێزى ئەمنیى جیاجیا لە بازگەکانى هەولێر بڵاوەپێکراون

بۆ رێگرى لەو خۆپیشاندانەى بڕیارە ئەمڕۆ بە بەشداریى مووچەخۆرانى شار و ناوچە جیاجیاکانى هەرێم لە هەولێر بەڕێوەبچێت، هێزى زۆرى ئەمنى لە دەوروبەرى بازگەکانى شارەکە بڵاوەپێکراون.

پەیامنێرى تۆڕى میدیایى ئێستا لە هەولێر پێیڕاگەیاندین، لە بازگەى دێگەڵە لەجیاتى ئەو هێزە ئەمنییەى پێشتر لە بازگەکەدا کارى رۆژانەیان ئەنجامدەدا، هێزێکى دژەتیرۆر جێگیرکراون و لێپرسینەوە لە رێبواران دەکەن.

وتیشى، “نزیکەى سەد مەترێک لە پێشتریش بازگەیەکى نوێى لاوەکى دروستکراوە و بەهەمان شێوە لێپرسینەوە لەو کەسانە دەکات کە دەیانەوێت بچنە ناو هەولێرەوە”.

پەیامنێرمان ئەوەشى خستەڕوو، سەرجەم ئەو کەسانەى بە ئۆتۆمبێلەکانیان دەگەنە بازگەکان، بە ژن و منداڵ و کەسانى بەتەمەنەوە دادەگیرێن و بە وردى پشکنین بۆ خۆیان و کەلوپەلەکانیان و ناو ئۆتۆمبێلەکانیان دەکرێت.

هاوکات لەناو شارى هەولێر و لە نزیک قەڵا-ش ژمارەیەکى زۆرى هێزە ئەمنییەکان بڵاوەپێکراون.

رێوشوێنە ئەمنییە توندەکان لە دوێنێوە دەستیان پێکردووە، دواى ئەوەى لە بازگەکانى دێگەڵە و سماقوڵى رێگرى لە هەر هاوڵاتییەکى دانیشتووى سلێمانى و دەوروبەرى کرا بچنە ناو هەولێرەوە.

ئەو رێگرییانە دواى ئەوە دێت رۆژى هەینى لە خۆپیشاندانى مامۆستا و فەرمانبەران بڕیاردرا بۆ پاڵپشتیى مانگرتووانى سلێمانى و لە نزیکەوە گەیاندنى داواکارى و پەیامەکان بە ناوەندى بڕیار، ئەمڕۆ یەکشەممە بۆ خۆپیشاندان و مانگرتن روو لە هەولێر بکەن و ئەمڕۆش لە سلێمانى و شار و شارۆچکە جیاجیاکانەوە مووچەخۆران روویان لە شارەکە کردووە.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

ڕوونکردنەوەی هاتوچۆی کۆیە لەسەر دەستگیرکردنی کارمەندێکیان لەلایەن دادوەرێکەوە

بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی کۆیە، لەسەر دەستگیرکردن و ڕاگرتنی کارمەندێکیان ڕایگەیاند، “پۆلیسێکی هاتوچۆ و دادوەرێک لێکتێنەگەیشتن لەنێوانیاندا ڕوویداوە و دواتر…
Total
0
Share