پاش کۆبوونەوەی لەگەڵ رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکوک؛ قوباد تالەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی سازکرد.
بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، قوباد تاڵەبانی بە سەردانێک گەیشتە پارێزگای کەرکوک و لەلایەن پارێزگاری شارەکە و ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاکەوە پێشوازیی لێکرا و جێگری سەرۆکی حکومەتیش پشتیوانیی خۆی بۆ پارێزگاکە دووپاتکردەوە.
پاش کۆبوونەوەی لەگەڵ رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکوک و ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاکە، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، “خۆشحاڵم ئەو یەک تیمییە لە حکومەت و ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک دەبینم، کە ئامانج لێی خزمەتکردنی خەڵکی کەرکوکە”.
وتیشی، “کەرکوکییەکان حوکمڕانییەکی باشیان دەوێت نەک سیاسەت، کە بێگومان ئەو حوکمڕانییە باشەش، بە یەک تیمی و یەک ئامانجی دێتەدی، هاوکات هاتووین پشتیوانیی حکومەتی هەرێم و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیان بۆ دووپات بکەینەوە”.
قوباد تاڵەبانی راشیگەیاند، “داوا لە سەرجەم لایەنەکان دەکەم، بەشداری لە حکومەتی خۆجێیی کەرکوک بکەن، هەتا هەموومان پێکەوە بتوانین حوکمڕانییەکی باشتر پێشکەش بە خەڵکی کەرکوک بکەین و چاودێربین بەسەر کارەکانی حکومەتەوە”.