سروە محەمەد ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، دادگای فیدڕاڵی سێ یاساکەی رەتنەکردووەتەوە، بەڵکو جێبەجێکردنی راگرتووە تا ئەو کاتەی ئەو داوا یاساییانە یەکلاییدەکرێنەوە کە لەبارەیانەوە تۆمارکراون.
سروە محەمەد رایگەیاند، لەلایەن بەشێک لە شیعەکانەوە لە دادگای فیدراڵی سکاڵا لەسەر بڕگەکانی یاسای لێبوردنی گشتی تۆمارکراوە، هەر بۆیە دادگا کارکردنی بە هەر سێ یاسای لێبوردنی گشتی و گەڕانەوەی موڵک و ماڵ و باری کەسێتی راگرت، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە یاساکە رەتکرابێتەوە، بەڵکو تا یەکلابوونەوەی سکاڵاکان جێبەجێکردنی یاساکان راگیراوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، جێبەجێکردنی هەر سێ یاساکە بۆیە راگیراوە، چونکە بەیەکەوە دەنگیان لەسەر دراوە.
جەختیشیکردەوە، ئەگەر دادگای فیدراڵی هەر بڕگەیەک لەو سێ یاسایە رەتبکاتەوە، پێویستە ئەنجومەنی نوێنەران دەنگ لەسەر ئەو بڕگەیە بداتەوە و لایەنەکان رێککەوتنی لەسەر بکەنەوە، چونکە فراکسیۆنەکان ئامادەنین جارێکی دیکە دەنگ لەسەر ئەو یاسایە بدەنەوە.