توێژینەوەیەک ئاشکرایدەکات، چەند جۆرێکی وەرزشکردن مەترسییەکانی تووشبوون بە شێرپەنجە کەمدەکەنەوە.
توێژینەوەکە لەلایەن زانکۆی ریگنسبۆرگی ئەڵمانیاوە ئەنجامدراوە و زیاتر لە 315 هەزار کەس بەشدارییان تێداکردووە، باس لەوە دەکات کە تێکەڵکردنی وەرزشکردن و پاراستنی کێشێکی تەندروست دەتوانێت چەکێکی بەهێز بێت دژی شێرپەنجە.
توێژەران ئەو کەسانەیان بەراورد کردووە کە رێنماییەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) یان پەیڕەوکردووە سەبارەت بە قەبارەی کەمەریان کە لە 88 سانتیممەتر زیاتر نەبێت بۆ ژنان و پیاوانیش لە 102 سانتیممەتر زیاتر نەبێت و لەگەڵ ئەو کەسانەدا بەراوردیان کردوون کە رێنماییەکانیان جێبەجێنەکردووە.
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی پێشنیاری ئەوە دەکات کە لە هەفتەیەکدا 150 بۆ 300 خولەک چالاکیی جەستەیی مامناوەند ئەنجامبدرێت، لەگەڵ 75 بۆ 150 خولەک چالاکیی بەهێز، یان تێکەڵەیەک لەم دووانە.
نموونەی چالاکییە مامناوەندەکان بریتین لە رۆیشتن بە خێرایی چوار میل لە کاتژمێرێکدا یان خێراتر، کاری ماڵەوە وەک شوشتنی پەنجەرە، یان پاسکیلسواری بە خێرایی 10-12 میل لە کاتژمێرێکدا.
چالاکییە بەهێزەکان بریتین لە راکردن بە خێرایی شەش میل لە کاتژمێرێکدا یان زیاتر، یان یاریی تۆپی پێ، باسکە، یان تێنس.
لە ماوەی بەدواداچوونێکی تێکڕای 11 ساڵدا، نزیکەی 30 هەزار کەس تووشی شێرپەنجە بوون.
توێژەران بۆیان دەرکەوتووە کە:
-ئەو کەسانەی رێنمایی قەبارەی کەمەریان جێبەجێ نەکردبوو، ئەگەری تووشبوونیان بە شێرپەنجە بە رێژەی 11% زیادیکردووە، تەنانەت ئەگەر بە بەردەوامی وەرزشیشیان کردبێت.
-ئەو کەسانەی رێنماییەکانی چالاکیی جەستەیییان جێبەجێ نەکردبوو، ئەگەر کێشێکی تەندروستیشیان هەبوایە، مەترسییان بەڕێژەی 4% زیادبووە.
– پابەندنەبوون بە هەردوو رێنماییەکە ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە بەڕێژەی 15% زیاددەکات.
تیمی توێژینەوەکە دەڵێن، پابەندبوون بە رێنماییەکانی قەبارەی کەمەر و چالاکیی جەستەیی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی بۆ خۆپاراستن لە شێرپەنجە زۆر گرنگە، چونکە بە تەنها پەیڕەوکردنی یەکێک لەو رێنماییانە بەس نییە.