بێكهام ئاییندەی مێسی ئاشكرادەكات

دەیڤد بێكهام-ی ئەفسانەی تۆپی پێی ئینگلیزی و یەكێك لە خاوەنەكانی یانەی ئینتەرمیامیی ئەمریكی ئاییندەی لیۆنێل مێسیی ئەستێرەی ئەرجەنتینی و كاپتنی تیمەكەی ئاشكرادەكات.

مێسی لە ساڵی 2023 بەشێوەیەكی ئازادانە رووی لە یانە ئەمریكییەكە كرد پاش كۆتایی هاتنی گرێبەستەكەی لەگەڵ یانەی پاریس سان جێرمانی فەرەنسی و، گرێبەستەكەی لەگەڵ ئینتەرمیامی تا ئەمساڵە، لەگەڵ ئەگەری درێژكردنەوەی بۆ ماوەی 12 مانگ.

خۆرخی ماس، خاوەنی هاوبەشی یانەی ئینتەرمیامی لە لێدوانێكی پێشتردا دووپاتیكردەوە، كارگێڕیی یانەكەی پلاندادەنێت بۆ مانەوەی مێسی، بەمەبەستی كردنەوەی جامی جیهانیی 2026، سەرەڕای كردنەوەی یاریگای نوێی یانەكەیان.

لەگەڵ ئەوەشدا مێسی (تەمەن 37 ساڵ)، هیچ كات نەیشاردووەتەوە كە دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ بەرشەلۆنە، بەڵام رەنگە خواستەكەی ئەمجارەی بۆ نیشتەجێبوون بێت لە شارەكە، نەك وەك یاریزان.

بێكهام، لە لێدوانێكدا لە پەراوێزی مونتەدای ئابوریی جیهانی لە داڤۆسی سویسرا رایگەیاند، “دەخوازم مێسی لە میامی بمێنێتەوە كاتێك بەیەكجاری وازدەهێنێت، بەڵام لیۆ پێیوتم كە ئەو تەنها بیر لە ژیانكردن لە نزیك كامپ نۆ (یاریگای بەرشەلۆنە) دەكاتەوە”.

وتیشی، “هیچ یاریزانێك نییە بەرشەلۆنەی خۆش بووێت هێندەی میسی، دەتوانیت لۆگۆی یانەكە لەسەر قاچی ببینیت، تەنانەت لەسەر دەبەی ئاوەكەشی”.

مێسی كاروانی وەرزشییەكەی لە تەمەنی 13 ساڵیدا دەستپێكرد، كاتێك چووە ئەكادیمیای بەرشەلۆنە بۆ لاوان “لاماسیا”، بۆ یەكەمجاریش ساڵی 2004 لەگەڵ تیمەكە دەركەوت، بەر لەوەی ناوی خۆی بە زێڕ لە مێژووی بەرشەلۆنەدا بنووسێتەوە وەك گۆڵكاری مێژوویی بە 672 گۆڵ.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share