قوباد تاڵەبانی رایدەگەیەنێت، هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی حکومەتی داهاتوو حکومەتێکی کارا و بەهێزبێت و لەسەر بنەمای هاوبەشیی راستەقینە بەڕێوەبچێت.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران ئەمڕۆ لە هەولێر پێشوازیکرد لە دانیێل روبنستین، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە كۆبوونەوەی نێوانیان باس لە دوا هەنگاوەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم کرا.
جێگری سەرۆک وەزیران ئاماژەی بە کۆبوونەوەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکان و بە تایبەتیش لەنێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان کرد و روونیکردەوە، هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی حکومەتی داهاتوو حکومەتێکی کارا و یەکگرتوو و بەهێزبێت و لەسەر بنەمای هاوبەشیی راستەقینە بەڕێوەبچێت تا بتوانێت لە ئاست بەدیهێنانی چاوەڕوانییەکانی هاوڵاتییانی هەرێمدا بێت.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆکرا لەبارەی دواگۆڕانکارییە سیاسی و ئەمنییەکانی عێراق و ناوچەکە و جەختکرایەوە لەسەر بەهێزترکردنی هەماهەنگییەکانی نێوان هێزە ئەمنییەکانی کوردستان و هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی تیرۆر.

