جێگری سەرۆك وەزیران رایدەگەیەنێت، ئامانجیانە سلێمانی ببێتە ناوەندێکی گرنگی پەرەپێدانی تەکنەلۆژیا لە عێراق و ناوچەکەدا.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران ئەمڕۆ لە هەولێر پێشوازیکرد لە سۆومێن باکچی، باڵیۆزی نوێی هیندستان لە عێراق.
لە سەرەتای کۆبوونەوەی نێوانیاندا قوباد تاڵەبانی پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە باڵیۆزی نوێی هیندستان کرد و هیوای خواست لە ماوەی کارکردنیدا لە عێراق، ئاستی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و هیندستان بەرەوپێشچوونی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت.
جێگری سەرۆک وەزیران سوپاسی هاوکارییەکانی حکومەتی هیندستانیشی کرد بۆ هەرێمی کوردستان لە بوارە جیاوازەکاندا و بە تایبەتیش لە بوارەکانی تەندروستی و راهێنانی پیشەیی و گەشەپێدانی توانا مرۆییەکان و هیوای خواست لە ماوەکانی داهاتوودا هاوکارییەکان بەردەوام بێت.
لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا باس لە پڕۆژەی پەرەپێدانی تواناکانی گەنجان لە بوارەکانی تەکنەلۆژیا و کارسازی کرا. لەمبارەیەوە جێگری سەرۆک وەزیران ئاماژەیدا بە ئامادەکارییەکان بۆ بەڕێوەچوونی دووەمین کۆڕبەندی نێودەوڵەتیی سلێمانی بۆ کارسازی و داهێنان و روونیکردەوە، ئامانجیانە شاری سلێمانی ببێتە ناوەندێکی گرنگی پەرەپێدانی تەکنەلۆژیا لە عێراق و ناوچەکەدا. وتیشی، “لە کوردستان ژمارەیەکی زۆر گەنجی بە توانا و داهێنەر هەن کە لەڕێگەی ئەم پڕۆژەیەوە هەوڵدەدرێت پەرە بە تواناکانیان بدرێت بۆ ئەوەی لە داهاتوودا بەشداربن لە پرۆسەی گەشەپێدانی کوردستاندا”.
قوباد تاڵەبانی داواشیکرد، هیندستان کە خاوەنی ئەزمونێکی سەرکەوتووە لە بواری پەرەپێدانی تەکنەلۆژیادا، لەم رووەوە زیاتر هاوکاریی هەرێمی کوردستان بکات.
