بەهۆی بڕیارێكی حكومەتەوە هۆشداری لە راگرتنی دەوام لە سەرتاسەری هەرێم دەدرێت

جێگری بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی هۆشداری لە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران بۆ خانەنشینكردنی سێ تەمەن پێكەوە دەدات و دەڵێت، دەبێتەهۆی راگرتنی دەوام.

مامۆستا عومەر محەمەد، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، بەهۆی بڕیاری حكومەتی هەرێم بە جێبەجێكردنی كەمكردنەوەی تەمەنی یاسایی خانەنشینبوون بۆ 60 ساڵ، دوو هەزار و 821 كەس لە پەروەردەی گشتیی سلێمانی، كە دە پەروەردەی سنوورەكە دەگرێتەوە، لە مامۆستا و فەرمانبەر بڕیاری خانەنشین كردن دەیانگرێتەوە.

وتیشی، “بڕیارەكە دۆخێكی ناسروشتی دروستكردووە و، بە دڵنیاییەوە دەوام دەوەستێت، نەك تەنها لە سلێمانی بەڵكو لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان دەوەستێت”.

مامۆستا عومەر روونیشیكردەوە، قوتابخانە هەبووە، یەك مامۆستای كەم بووە، نەیانتوانیوە پڕیبكەنەوە، چونكە ئەمساڵ نە دامەزراندن هەبووە، نە وانەبێژی.

نمونەی ئەوەشی هێنایەوە، ئێستا نەك تەنها مامۆستایەك، بەڵكو بۆ نمونە قوتابخانەیەكی وەك ئامادەیی شەهید جەمال تاهیر، 18 مامۆستای پێكەوە بە جارێك خانەنشین دەبن، لەكاتێكدا پێشتر نەیانتوانیووە تەنها مامۆستایەكی بۆ دابینبكەن.

جێگری بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی ئەو دۆخەی بە “قورس” ناوبرد و دەربارەی چارەسەریش باسی لەوەشكرد، چارەسەر تەنها لەلای سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی دارایی و وەزارەتی پەروەردەیە و لە دەسەڵاتی ئەواندا نییە.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share