كۆماری كوردستان یان كۆماری مەهاباد، لە 22ی كانوونی دووەمی ساڵی 1946 لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان لەسەر دەستی پێشەوا قازی محەممەد دامەزرێندرا و وڵاتێكی كوردی تەمەن كورت بوو، كە لە سەدەی بیستدا و لە دوای كۆماری ئارارات لە باكووری كوردستان دامەزرا.
ئەم كۆمارە تەمەنكورتە پایتەختەكەی شاری مەهاباد بوو، كە دەكەوێتە باكووری خۆرئاوای ئێران و ئەو ململانێیەی لەنێوان ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و یەكێتیی سۆڤیەتدا هەبوو كە جەنگی ساردی لێكەوتەوە پاڵنەرێكی دیكە بوو بۆئەوەی كۆمارەكە دابمەزرێت؛ خواستی لەمێژینە و ئاواتی گەلی كوردش بوو تا دەوڵەتێك و وڵاتێك بەناوی كوردستان دابمەزرێت.
هەروەها، لە 22 ی كانوونی هەمان ساڵدا، قازی محەممەد دامەزراندنی كۆماری كوردستانی راگەیاند و هەندێك لە ئامانجەكانیان لە مانیفێستۆیەكدا بڵاوكردەوە، كە بریتیی بوون لە:
– زمانی كوردیی بكرێتە زمانی راگەیاندن و خوێندن و بەڕێوەبردن.
– هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا بۆ كوردستان بەمەبەستی چاودێری دەوڵەت و بابەتە كۆمەڵایەتییەكان.
– هەموو بەرپرسەكان لە خەڵكی ناوچەكە هەڵبژێردرێن.
– یەكێتی و برایەتی لەگەڵ خەڵكی ئازربایجان.
– یاسایەك هەبێت كە بەیەك چەشن مامەڵە كرێكار و كەسایەتییە باڵاكاندا بكات.
سەرەڕای هەوڵە بەردەوامەكان بۆ هێشتنەوەی ئەم كۆمارە بەڵام، لە ٢٦ی ئازاری ١٩٤٦، بەهۆی فشاری هێزە رۆژئاواییەكانی وەك ئەمریكا و سۆڤیەت پەیمانی بە حكومەتی ئێران درا كە لە باكووری ئێران ئەكشێتەوە و لە مانگی حوزەیرانیشدا، ئێران دەستی گرتەوە بەسەر ئازربایجاندا و ئەمە بووە هۆی دابڕانی كۆماری مەهاباد لە یەكێتی سۆڤیەت و دواجار بووە ھۆی داڕمانی كۆمارەكە و رووخاندنی و دواجار لە ٣١ی ئازاری ١٩٤٧، قازی محەممەد بە تۆمەتی خیانەتكردن لە دەوڵەتی ئێران، لە مەهاباد و لە هەمان ئەو مەیدانەی كە كۆماری كوردستان ی لێڕاگەیاندرا بوو شەهید كرا.