فازڵ نەبی: کێشەکانی نێوان هەرێم و عێراق زۆر گەورەبوون

بریکاری پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، “کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد زۆر گەورەبوون و هیچ ساڵێک ساڵی بنەبڕکردنی کێشەکان نییە”.

د. فازڵ نەبی، بریکاری پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق بە دەنگی ئەمریکای راگەیاند، “هیچ ساڵێک نابێتە ساڵی بنەبڕکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵ، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، یاسا جێبەجێدەکات بەو شێوازەی کە لە عێراق شیکردنەوەی بۆ دەکرێت نەک شیکردنەوەکانی هەرێم.”

وتیشی، “تەیف سامی بەگوێی کەس ناکات و بڕیار و یاسا جێبەجێ دەکات و دەڵێت من یاسای بودجەم هەیە و جێبەجێی دەکەم، یاسای بودجەش کە دەرچووە لە بەرژەوەندیی کوردستان نییە، دەشڵێت بڕیارێکی دادگای فیدراڵی هەیە ئێمە لە عێراق بەو شێوەیە شیکردنەوەی بۆ دەکەین و هەرێمی کوردستانیش بەشێوازێکی تر.”

فازڵ نەبی، ئاماژەی بەوەشکرد،”لە 2014ەوە کێشەی نێوان هەرێم و بەغدا هەیە و هەر لایەکیان هۆکارێکی هەیە بۆ چارەسەرنەکردنی، چونکە هەرلایەکیان شیکردنەوەیەکی دیاریکراوی هەبووە بۆ بڕیارەکان، ناشیەن پێکەوە چارەسەرێکی کۆتایی بکەن و بڵێن ئەوە چارەسەر بوو.”

ئەوەشی وت، “کێشەی ئەم برادەرانەی ئێمە ئەوەیە لە بەغداد بەدواداچونیان نەکردووە بۆ کێشەکان، لەگەڵ ئیدارەی دەوڵەت کاتی خۆی رێککەوتنێک هەبوو و چوار خاڵ چەسپا کە لە ماوەی شەش مانگی یەکەم ئەو چوار خاڵە جێبەجێبکرێت، بەڵام لەبەر ئەوەی بەدواداچوون نەبوو، ئەوە حکومەت تەواو بوو لەو چوار خاڵە پێنج لەسەدی جێبەجێنەکرا، وەفدی هەرێم زۆر بەخێرایی دەڕۆن و هەندێک قسە دەکەن و دەگەڕێنەوە و ناگەنە چارەسەری کۆتایی، لەبەر ئەوە کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد زۆرگەورەبوون”.

 

 

 

 

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share