ئەدهەم بارزانی رایدەگەیەنێت، لەلایەن كاربەدەستانی پارتییەوە مەرج بۆ بەشداریكردنی لە پرسەی دایكیدا دانراوە.
ئەدهەم بارزانی، لە راگەیەندراوێكدا كە چەند كاتژمێرێك پاش كۆچی دوایی دایكی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك بڵاویكردەوە، رایگەیاند، ئەمە بوو بە سێ ساڵ سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان منی ئاوارە و دەربەركرد لەسەر بۆچوونی جیاواز كە قبوڵنەدەكرا، پێم نەكرا لەم ماوەیەدا ئەم دایكە ئازیزە بۆ یەكجاریش بێت ببینم. چەند رۆژێك پێش ئێستا كە قسەم لەگەڵدا كرد، گوتی “دڵنیام كە جارێكیتر ناتبینمەوە”.
ئاماژەی بەوەشكرد، “خودا خێری بەرێز كاك بافڵ مام جەلال تاڵەبانی بنوسێت لە رێگای ئەوەوە پەیوەندیكرا بە هۆشیار زێباری، خاڵی مەسعود بارزانی و سیدادی برای كە رێگا بدەن، ئێمە ئەم شەو رێكاری پێویست ئەنجامدەدەین تا ئەدهەم بارزانی بێتە ماڵی خۆی و لە مەسیفی بۆ دواینجار لە ناو كفندا رۆمەتی دایكی ببینێت”.
هەر لە راگەیەندراوەكەیدا ئەدهەم بارزانی روونیكردەوە، “لە وەڵامی دەستپێشخەرییەكەی بەرێزیاندا، دەڵێن مانع نیە بێتن، بەڵام نابێت پاسەوانەكانی، كە كاك بافڵ بۆ من دایناون، لە گەڵیدا بن. بە هەڕەشەكانی سەرۆكی پارتی تەواوی پاسەوانەكانی پێش ئێستای من دەركران و لەگەڵ ئەوەش نابێت كەس لەگەڵی بێت و پێویستە بە تەنیا بێت، لە حاڵەتێكدا كە هیچ باوەڕییەك نەماوە و حوكمی گرتنی منیان دەركردووە بە ماددەی 21ی یاسای تێكدانی ئاسایشی هەرێمی كوردستان”.
دەشڵێت، “ئەو كوردستانەی كە بەشێكی زۆری ئێستا بە هاوكاری ئەوان لە پارێزگای دهوك و هەولێر لە دەستی داگیركەران دایە، ئایا بەم شێوەیە وەڵامی هەموو چاكەكان و رزگاركردنیان لە شكستی سەدا سەد ئەگەر بە هانایانەوە نە چوبام، ئەدەنەوە”.
لە كۆتایی راگەیەندراوەكەیدا ئەدهەم بارزانیبەبیری سەرۆكی پارتی دەهێنێتەوە كەچی بۆ دایكی ئەو كردووە و دەڵێت، “دەستیان داوە بە تەلەفۆنكردن بۆ خەڵك و هەتا كوڕەكانیشم كە ئێمە گوتمانە مانع نیە بگەڕێتەوە بەم مەرجە كە بە تەنیا بێت” دەشپرسێت، ئایا خۆتان ئەم مەرجەتان قەبوڵ دەكرد؟