بە هەوڵی وەزیری دادی عێراق کێشەی خانووە زیادەڕۆکانی کەرکوک چارەسەردەکرێت

بە هەوڵی خالید شوانی وەزیری دادی عێراق بڕیاردرا لیژنەیەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەی خانووە بێتاپۆ و زیادەڕۆکانی کەرکوک پێکبهێنرێت.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا کەوتوون، لە دوای ئەوەی لە کۆبوونەوەی دوو هەفتەی رابردووی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، خالید شوانی وەزیری دادی عێراق بڕیاری تاپۆکردنی خانووە زیادەڕۆکانی سەرجەم پارێزگاکانی عێراقی بەهۆی بێبەشکردنی شاری کەرکوک لێی رەتکردەوە، بە پشتگیری محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری ژمارە 30 پەسەندکرد و بڕیاردرا لیژنەیەك لە هەریەك لە وەزارەتەکانی شارەوانی و پلاندانان و پارێزگای كەركوك و دەستەی هەماهەنگیی نێوان پارێزگاكان پێکبهێنرێت.

هەر بەپێی زانیارییەکان، لیژنە هاوبەشەکە کاردەکەن بۆ چارەسەركردنی کێشەی خانووە زیادەڕۆکانی كەركوك و لە ماوەی 90 رۆژدا راسپاردەكانی دەخاتە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران بۆ بڕیاردان لەبارەیەوە.

لە کۆبوونەوەی رۆژی 12 ی ئەم مانگەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بەنگین رێکانی وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق لە پشکی پارتی دیموکراتی کوردستان، بڕیاری وەزارەتەکەیانی بۆ تاپۆکردنی خانووە زیادەڕۆکانی پارێزگاکانی عێراق، جگە لە پارێزگای کەرکوکی خوێندەوە و ئەمەش ناڕەزایەتیی خالید شوانی وەزیری دادی بەدوای خۆیدا هێنا.

لە کۆبوونەوەکەدا خالید شوانی رایگەیاندبوو، بڕیارەكە ستەمێكی گەورە لە خەڵكی كەركوك دەكات و نابێت ئەو جیاكارییە بكرێت.

 

 

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share