راپۆرتێک: بە هاوکاری بەریتانیا سێ قاچاخچی لە سلێمانی دەستگیرکران

دەزگای ئاسایشی هەرێم دەستگیرکردنی سێ کەسی بە تۆمەتی قاچاخچیەتی و ناردنی هاوڵاتییان بۆ وڵاتانی ئەوروپا بە رێگای کۆچی نایاسایی راگەیاند، بەپێی راپۆرتێکیش ئۆپەراسیۆنەکە بە هاوکاری دەزگای نیشتمانیی بەریتانیا بۆ بەرەنگاربوونەوەی تاوان ئەنجامدراوە.

تۆڕی هەوڵی بی بی سی لە راپۆرتێکیدا بڵاویکردووەتەوە، لەنێوان 8-12 ی ئەم مانگە سێ کەس لە سلێمانی بە تۆمەتی بازرگانیكردن بە مرۆڤەوە لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستانەوە دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت.

ئاشکراشیکردووە، ئۆپراسیۆنەکە هاوکاری دەزگای نیشتمانیی بەریتانیا بۆ بەرەنگاربوونەوەی تاوان ئەنجامدراوە، ئەمەش یەکەمین ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی نێوان ئەو دوو دامەزراوەیەی هەرێم و وڵاتی بەریتانیایە کە ئەنجامدرابێت.

بی بی سی باسیلەوەشکردووە، گوماندەکرێت ئەو کەسانەی دەستگیرکراون پەیوەندیان بە گرووپەکەی ئامانج حەسەن زادەوە هەبێت، ئەو كەسەی ساڵی رابردوو بەهۆی رۆڵی لە گواستنەوەی كۆچبەران بە بەلەمی بچووك لە رێگەی كەنداوی ئینگلیزەوە دەستگیرکرا و بە 17 ساڵ زیندانیكردن سزا درا.

ئەو کەسانەی دەستگیرکراون پێکهاتوون لە، تۆمەتباری یەکەم لە پیاوێكی 38 ساڵ کە تۆمەتبارە بە كاركردن لەگەڵ تۆڕی قاچاخچێتی بۆ گواستنەوەی كۆچبەران بۆ یۆنان و ئیتاڵیا لە رێگەی یەختەوە، تۆمەتباری دووەم کە خاوەنی كۆمپانیایەكی حەواڵەیە و لە چلەكانی تەمەنیدایە و تۆمەتبارە بە ئەنجامدانی مامەڵەی دارایی بەناو زادەوە، تۆمەتباری سێیەمیش لە سییەكانی تەمەنیدایە، وەك ناوەندگیرێك لەناو ئەو گرووپەدا كاری كردووە بۆ كۆكردنەوەی كۆچبەران بە مەبەستی گواستنەوەیان لەلایەن تۆڕەكەوە، ئەمەش وەک لە زانیارییەکانی بی بی سیدا هاتووە.

بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەستگیرکردنی ئەو سێ کەسەی لە سلێمانی پشتڕاستکردەوە، بێ ئەوەی وردەکاریی تۆمەتەکانیان و شێوازی دەستگیرکردنەکانیان ئاشکرابکات.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share