گەورەترین رێوڕەسمی ئایینی لەسەر ئاستی جیهان لە هیندستان بەڕێوەدەچێت

بڕیارە رێوڕەسمێكی گەورەی ئایینی لە هیندستان بەڕێوەبچێت و، پێشبینی بەشداریکردنی 400 ملیۆن کەس لە سەرانسەری جیهانەوە دەكرێت و 45 رۆژ بەردەوام دەبێت.

رێوڕەسمەكە لەلایەن هیندۆسەکانی هیندستان ئەنجامدەدرێت و ناوی ماها کومب مێلایە و لە شاری پرایاگراج کە شارێکی ئایینی و پیرۆزی هیندۆسەکانە بەڕێوەدەچێت.

دەسەڵاتدارانی شارەكە ئامادەکارییان دەستپێكردووە كە دوانزە ساڵ جارێک لە 13ی كانونی دووەم تا 26ی شوبات ئەنجامدەدرێت.

یەکێک لە چالاکییەکانی رێوڕەسمەكە خۆشۆردنە لە ئاوی شاهانەدا كە لە نێوان کاتی هەڵاتنی خۆر تاوەکو کاتژمێر 9:30 خولەکی بەیانی بە بەشداریی نزیکەی شەش ملیۆن کەس بەڕێوەچوو، وەک بەشێک لە پاکبوونەوە لە گوناهەکان کە یەکێکە لە ئەرکە ئاینییەکانیان.

رێوڕەسمی کومب مێلا هەر 12 ساڵ جارێک ئەنجامدەدرێت، بەڵام ئەوەی لەمساڵدا بەڕێوەدەچێت، ناوی ماها کومب مێلایە یاخود کۆمب مێلای گەورە کە هەر 144 ساڵ جارێک بەڕێوەدەچێت و ئەمەش 12 هەمین خولی فێستیڤاڵەکەیە.

پێشبینی دەکرێت، ببێتە گەورەترین قەرەباڵغی لەسەر ئاستی جیهان لە مێژووی رێورەسمەكەدا و بێگومان بەبێ رشتن و بڵاوکردنەوەی رەنگ تێپەڕنابێت و سیمایەکی جیاواز و سەرنجڕاکێش دروستدەکات.

بە دەیان هەزار ئەندامی هێزە ئەمنییەکان و تیمە تەندروستییەکان و بە هەزاران هێلیکۆپتەر و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان چاودێریی فێستڤاڵەکە دەکەن، جگە لە جێگیرکردنی 2700 کامێرای چاودێری بۆ ئەوەی هیچ رووداوێکی نەخوازراو روونەدات و کەسیش ون نەبێت و شوێنەکانیان زانراو بمێننەوە.

ئەوەی جێگەی سەرنجیشە بۆ یەکەم جار درۆنی ئاوی بەکاردەهێندرێت بۆ چاودێری کەناری رووبارەکانی ناوچەکە.

نزیکەی 160 هەزار چادر و بە سەدان نەخۆشخانەی کاتی دروستکراون و شوێنی پشوودان و پێداویستییە سەرەتاییەکان بۆ سەردانکەران ئامادەکراون.

شوێنی بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵەکە جێگیر نییە و لەنێوان چوار شاری هیندستاندا دەبێت کە بە پیرۆز ناویان دەبرێت و هەر جارە و لە یەکێکیان بەڕێوەدەچێت.

پەیڕەوکەرانی ئایینەکە پێیان وایە، بە بەشداریکردنی لەم فێستیڤاڵەدا لە گوناهەکان پاکدەبنەوە و لەلایەکی دیکەشەوە، لە سووڕی ژیان و مردن ئازاد دەبن.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share