خالید سلێمان: ئاگركەوتنەوە بووە بە یەكێك لە دەرئەنجامە راستەوخۆكانی گۆڕانكارییەكانی ئاووهەوا

ماوەی حەوت رۆژە ئاگر بەشێك لە دارستانەكانی كالیفۆرنیای گرتووەتەوە و شارەزایەكی بواری ژینگە دەڵێت، وشكەساڵی سەرچاوەی رووداوەكەیە و دەڵێت، رووداوەكانی ئاگركەوتنەوە بووە بە یەكێك لە دەرئەنجامە راستەوخۆكانی گۆڕانكارییەكانی ئاووهەوا لە جیهاندا.

لە رۆژی سێشەممەی رابردووەوە ئاگرێکی گەورە ویلایەتی کالیفۆرنیای ئەمریکای گرتووەتەوە، کە بە یەکێک لە گەورەترین و کارەساتبارترین رووداوەکان لە مێژووی وڵاتەکەدا دادەنرێت. رووداوەكە تا کاتژمێر 2:30 خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ 38 هەزار و 629 هێکتار زەوی لە لۆس ئەنجلس سووتاندووە، وەك ئەوەی بەڕێوەبەرایەتیی پاراستنی دارستان و ئاگرکەوتنەوەی ویلایەتی كالیفۆرنیا بڵاویكردەوە.

هەروەها تائێستا 24 كەس گیانیان لەدەستداوە، جگە لەو سەدان خانووەی سووتاون و زیانیان پێگەیشتووە، كە شارەزایانی بواری ژینگە هۆكارەكەی بۆ گۆڕانی ئاووهەوا و قەتیسبوونی گەرمی دەگەڕێننەوە.

خالید سلێمان، نووسەر و رۆژنامەنووسی تایبەتمەندی بواری ژینگە بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، هۆكاری رووداوەكە بە پلەی یەكەم دەگەڕێتەوە بۆ هەلومەرجێكی نالەبار بەتایبەتی لەڕووی وشكەساڵییەوە لە كالیفۆرنیا و ناوچەكانی دەوروبەری لۆس ئەنجلس كە لەم ساڵانەی دواییدا رێژەی دابارین كەمیكردووە و، ئەمە بووەتەهۆی ئەوەی زۆربەی زۆری دارستانەكان، تا رادەیەك رووبەڕووی وشكبوون هاتوون كە خاك و خۆڵ و رووەكەكانی ئامادەبن بۆ هەر سووتانێك.

وتیشی، “هۆكاری دووەم لەم زستانەدا، بایەكی زۆر بەهێزە، كە خێراییەكەی زیاتر لە 80 كیلۆمەتر بوو لە كاتژمێرێكدا و، فاكتەرێكی بەهێزی بڵاوبوونەوەی ئاگركەوتنەوەكان بوو”.

هۆكاری وشكەساڵی و دانەبارین لە ویلایەتەكە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو كاریگەرییانەی زەریای هێمن بەسەر ناوچەكەوە و بەتایبەتیش كالیفۆرنیا هەیەتی و، وایكردووە بەردەوام پاڵەپەستۆیەكی گەرمی لە زەریاوە بۆ ویلایەتەكە هەبێت، لە ئاكامیدا بووەتەهۆی ئەوەی دابارین بەشێوەیەكی بەردەوام كەمبكات، خالید سلێمان وای وت.

روونیشیكردەوە، ئەمە ئەو هۆكارانەن كە بەشێوەیەكی گشتی لە میدیاكانی ئەمریكاوە باسیان لێوەدەكرێت، هەڵبەت دەشێت بەهۆی چالاكییەكی مرۆیی، پیشەسازی یان ئۆتۆمبێلەوە ئاگرەكە كەوتبێتەوە، بەڵام ئەوەی یارمەتی دەدات ئەم ئاگركەوتنەوەیە لە شوێنی خۆیدا نەكوژێتەوە و فراوان و بەربڵاوبێت، هۆكارەكانی پەیوەستە گۆڕانكارییەكانی ئاووهەوایە.

ئاگركەوتنەوەكە كە هەفتەیەكی تەواوە بەردەوامە، زیانی جۆراوجۆری ژینگەیی، تەندروستی و ئابوری لێكەوتووەتەوە، كاریگەرییەكەشی بۆ ئێستا و داهاتوو دەمێنێتەوە.

ئەو تایبەتمەندەی بواری ژینگە باسی لەوەكرد، یەكەم كاریگەریی راستەوخۆی ئاگركەوتنەوەكە لەناوبردنی دارستانەكانە، ژمارەیەكی زۆر دار لەناودەچن، كە ئەم دارانە لە بنەڕەتدا سەرچاوەی سوڕی ئاون، سەرچاوەی بەخشینی ئۆكسجینن، سەرچاوەی شاردنەوە و عەمباركردنی دووەم ئۆكسیدی كاربۆنن، ئەم ئاگرانە خاكەكە دەگۆڕن بۆ خاكێك زیاتر كاربۆن دەربدات، لەكاتێكدا لەپێشدا كاربۆنی هەڵدەمژی و ئۆكسجینی دەدا.

روونیشیكردەوە، ئەمەش كاریگەریی خراپی هەیە لەسەر كەشوهەوای ئەمریكا و ناوچەكە و تەنانەت كەشوهەوای جیهانیش. ساڵانێكە دەبینین ئاگركەوتنەوە لە زۆر شوێنی دنیادا روودەدەن، لە ئاكامیاندا رێژەیەكی زۆر دووانە ئۆكسیدی كاربۆن دەچێتە بەرگەهەواوە، چڕتربوونی دوانە ئۆكسیدیش لە بەرگەهەودا دەبێتە هۆی گەرمبوونی زیاتری زەوی و قەتیسكردنی زیاتری وزەی هەتاو لەسەر زەوی.

هەموو ئەمانە وێڕای زیانە جۆراوجۆرەكانی دیكەی لە رووی تەندروستی و كشتوكاڵ، هەروەها لە رووی ئابورییەوە كە باس لە 150 ملیار دۆلار دەكرێت، وەك ئەوەی خالید سلێمان ئاماژەی پێدا.

باسی لەوەشكرد، كالیفۆرنیا دەوڵەمەندترین ویلایەتە لە ئەمریكا، تەنانەت ئابوریی ویلایەتەكە لە ئابوریی وڵاتێكی وەك فەرەنسا زیاتر و بەهێزترە. ئەم ئابورییە بەهێزە، دەگەڕێتەوە بۆ كشتوكاڵ و بوونی كۆمپانیا گەورە تەكنەلۆجییەكانی وەك میتا، گوگڵ و ئەپڵ كە سەرجەمیان لە ویلایەتەكەدان.

دەربارەی ئەوەی تا چەند رووداوی لەو جۆرە جێی مەترسییە و ئەگەری چەندبارەبوونەوەیان هەیە، ئەو تایبەتمەندەی بواری ژینگە روونیكردەوە، لە ساڵی 1979دا بۆ یەكەمجار زانایانی ئەمریكی هۆشدارییان لە لێكەوتەكانی گۆڕانی ئاووهەوا داوە، هەر لەو ساڵانەشدا كۆمپانیایەكی گەورەی وەك ئیكسون موبیل، كە خۆی توێژینەوە و بەدواداچوونی ئەنجامداوە، لەسەر ئەوەی گۆڕانی ئاووهەوا زیانێكی زۆر دەگەیەنێت بە دونیا و ئەمریكا، بەڵام هەر ئەوكاتە كۆمپانیاكە خۆی زانیارییەكانی شاردەوە، راپۆرتەكەی زانایانیش شاردرایەوە تا ئەوكاتەی لە ساڵی 2018دا ئاشكراكرا.

هەروەها هەر لە ساڵی 2018دا زانایانی بواری كەشوهەوا لە 13 ویلایەتی ئەمریكا زەنگی مەترسییان لێدا و نامەیەكی درێژیان ئاراستەی حكومەت كرد و، رایانگەیاند ئەگەر دەسەڵاتداران میكانیزم و رێگاچارەی باش نەگرنەبەر، ئەوا وڵاتەكە لە ساڵێكدا دەیان ملیار دۆلار زیانی پێدەگات، وەك ئەوەی ئێستا بە چاوی خۆمان دەیبینین، ئەو تایبەتمەندەی بواری ژینگە وای وت.

ئاشكراشیكرد، دۆناڵد ترەمپ-ی سەرۆكی ئەوكاتی ئەمریكا رەتیكردەوە و وتی بڕوای پێناكەم، بەڵام ئێستا بە روونی دەركەوتووە ئاگركەوتنەوە بووە بە یەكێك لە دەرئەنجامە راستەوخۆكانی گۆڕانكارییەكانی ئاووهەوا لە ئەمریكا، كەنەدا و لە كۆی دونیادا.

دووپاتیشیكردەوە، بەهۆی بارودۆخێكی سروشتیی نالەبار كە دارستانەكانی پیادا تێدەپەڕن، لە ئاكامدا ژمارەیەكی زۆری دارەكان بەجۆرێك وشك دەبنەوە كە ئامادەدەبن بۆ سووتان، بۆیە رووداوی لەو جۆرە ئەگەرێكن و بەردەوام لە بەردەمماندان.

بابەتی پێشتر

یەکەم بەشە ئاردی ئەمساڵ دابەشدەکرێت

بابەتی دواتر

سبەینێ لە کەرکوک پشووە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

چەقەڵێك چووە ماڵێكەوە

چەقەڵێك چووە ماڵێكی قەزای دەربەندیخانەوە و پۆلیسی دارستان دەڵێت، “رێگەی هەڵەکردووە”. ئەمڕۆ پێنجشەممە پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای…
Total
0
Share