وەزارەتی دارایی عێراق لەبارەی مووچەی هەرێمەوە راگەیەندراوێكی بەپەلەی بڵاوكردەوە

وەزارەتی دارایی عێراق رایدەگەیەنێت،”پابەندبوون بە بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵییەوە و پارەی پێویست بۆ مووچەی ساڵی 2024 نێردراوە بۆ هەرێم، بەڵام حكومەتی هەرێم دابەشینەكردووە”.

وەزارەتی دارایی عێراق، لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، پابەندبوونی خۆی بە جێبەجێكردنی بڕگەكانی بودجەی گشتیی فیدراڵی ژمارە 13ی ساڵی 2023 دووپاتكردووەتەوە و هاوكات دەشڵێت، “بەتەواویی پەیوەستبووە بە جێبەجێكردنی ئەوەی لە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی ژمارە 224 و 269/ فیدراڵی/ 2023دا هاتووە، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بەپێی ئەوەی لە خشتەی (ه)دا هاتووە لە چوارچێوەی تەرخانكردنەكان كە لە یاسای بودجەی فیدراڵیدا هاتووە و لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە پەسەندكراوە و نێردراوە.

ئاماژەی بەوەشكردووە، پارەی بۆ حكومەتی هەرێم و بۆ مووچەی (خانەنشینان، پاراستنی كۆمەڵایەتی، فەرمانبەرانی مەدەنی و سەربازی) ناردووە سەرەڕای ئەوەی هەرێم پابەندنەبووە بە ناردنی داهاتی نانەوتی كە لە تەرازووی پێداچوونەوەدا ئاماژەی پێكراوە و بڕەكەی چوار ترلیۆن و 350 ملیار دینارە و بە پشتبەستن بە بڕیاری دادگای فیدڕاڵی كە دەبووایە حكومەتی هەرێم ئەو پارەیە رادەستبكات.

وەزارەتەكە ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، تەرخانكراوەكانی هەرێمی كوردستان بۆ قەرەبووكردنەوەی مووچەی فەرمانگە مەدەنییەكان و هێزە ئەمنییەكان بڕی (9,556,348 ملیار دینار) بووە.

مووچەی تۆڕەكانی ئاسایشی كۆمەڵایەتی بڕەكەی (130.931 ملیار دینار) و مووچەی خانەنشینانی سەربازی بڕەكەی (650.040 ملیار دینار)بووە بۆ

مووچەی خانەنشینانی مەدەنی بڕەكەی(776.657 ملیار دینارە و لە هەمانكاتدا و هاوكاریی دارایی مووچەی زیندانییانی سیاسی بڕی (10.721 ملیاری دیناری)بۆ خەرجكراوە.

جەختیشیكردووەتەوە، بەپێی ئەو رێكارانەی لە یەكەكانی خەرجكردنی داراییدا پەیڕەودەكرێن، وەزارەتی دارایی فیدراڵی مانگانە مووچەی هەرێم دەنێرێت بۆ حكومەتی هەرێم، كە لە بەرامبەردا مووچە بەسەر فەرمانبەرانیدا دابەشدەكات، بەڵام حكومەتی هەرێم پابەند نەبووە بە دابەشكردنی مووچە بەسەر فەرمانبەرانی هەرێم بەشێوەی مانگانە، سەرەڕای ئەوەی لەلایەن وەزارەتی داراییەوە پارەی بۆ دابیندەكرێت، هەروەك فەرمانبەرانی حكومەتی عێراق.

لە كۆتایی راگەیەندراوەكەدا هاتووە، “دابەشنەكردنی مووچەی تەواوی مانگەكانی 2024 لە ئەستۆی ئێمە نییە و دواكەوتنی خەرجكردنیش لە ئەنجامی پابەندنەبوونی حكومەتی هەرێمە بە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی كە تەوتینكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمە”.

بابەتی پێشتر

ئەمشەو تەمومژێكی چڕ ناوچەكانی هەرێم دەگرێتەوە

بابەتی دواتر

وەزارەتی دارایی عێراق: هەرێم پابەند نەبووە بە تەوتینكردنی مووچە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share