پێگەیەكی نیودەوڵەتیی پەیوەست بە ژینگە رونیدەكاتەوە هەوای سلێمانی نزیكە لە دۆخی ئاساییەوە، بەڵام پیسیی هەوای هەولێر دوو هێندەی ئاستی ستاندارە.
بەپێی پێگەی IQAirی سویسری کە چاودێریی هەوای جیهان دەکات و تایبەتە ئاستی پیسبوونی ژینگە و پێوانەی تەنۆلکە پیسکەرەکانی هەوا، پیسیی هەوای هەولێر بۆ ئەمڕۆ گەیشتووەتە 57 مایکرۆگرام/ مەترسێجا و ئەوەش زیاترە لە دوو ئەوەندەی ئاستی ستاندارد.
رێژەی ستانداردی تەنۆلکە بچووکەکانی PM2.5 بۆ یەک کاژێر دەبێت کەمتر لە 25 مایکرۆگرام/ مەترسێجا بێت.
هەر بەپێی پێگەكە هەوای سلێمانی 33 مایکرۆگرام/ مەترسێجایە، بەمەش ژینگە و هەوای سلێمانی نزیکە لە ئاستی ستانداردەوە.
پێوەری IQAir بۆ رادەی پیسیی هەوا لە سفرەوە دەستپێدەكات، هەواکە چەند پیستربێت، پلەکە بەرزترە.
زیادبوونی رێژەی تەنۆلکە پیسکەرەکانی PM2.5 چەندین مەترسیی جۆراوجۆری بۆسەر تەندروستی هەیە لەوانە لەئاستی كورتخایەن (سووربوونەوە و هەستیاربوونی چاو، قوڕگ و لووت، ناڕێکیی لێدانی دڵ و هەناسەتەنگی) لێدەكەوێتەوە. لە ئاستی درێژخایەنیشدا مەترسیی (لەدایکبوونی منداڵی ناکام، تووشبوون بە رەبۆ، شێرپەنجە، جەڵتە و نەزۆکی) دروستدەكات.