بڕیار لەبارەی گۆڕینی پاسەكانی ناوشاری سلێمانی دەدرێت

ئەندامێکی ئەنجومەنی کارگێڕیی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی نوێترین زانیاری لەبارەی پرۆژەکەیان بۆ گۆڕینی پاسە کۆنەکانی هێڵی گواستنەوەی گشتیی سلێمانی دەخاتەڕوو.

ئارام بابان، ئەندامی ئەنجومەنی کارگێڕیی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، رێککەوتنمان لەگەڵ بانکێک هەیە بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا ستافێکیان لە بەغدادەوە بێنە سلێمانی بەوپێیەی لقی سەرەکیی بانکەکە لە بەغدادە، بۆ ئەوەی پرۆتۆکۆلێکیان لەگەڵدا واژۆبکەین تاوەکو پارەی پێویست بۆ پرۆژەکە بخەینە سەر هەژمارەکەیان.

وتیشی، “دوای واژۆکردنی پرۆتۆکۆلەکە هەرکەسێک خوازیارە پاسەکەی بگۆڕێت دەتوانێت مامەڵەی پاسەکەی لە هاتوچۆوە ببات بۆ بانکەکە و پارەکەی بۆ خەرجدەکرێت”.

باسی لەوەشکرد، “بڕیارەکە سەرجەم پاسە کۆنەکان دەگرێتەوە کە ژمارەیان 150 پاسە و دوای تەواوبوونی پرۆژەکە سەرجەمیان لەناودەبرێن، تێچووی پرۆژەکە سێ ملیار دینارە”.

لەبارەی جۆری پاسە نوێیەکانەوە ئارام بابان رایگەیاند، “پاسە نوێیەکان مۆدێلیان 2024ە و دۆستی ژینگەن بەجۆرێک سیستمێکی ساردی و گەرمی تێدایە کە کار لە بزوێنەری ئۆتۆمبێلەکە ناکات و دەتوانێت چەند کاتژمێرێک بوەستێت و ساردی یاخود گەرمییەکەشی کاربکات”.

وتیشی، “ئەو پاسە نوێیانە جیاواز لە ئەوانەی پێشوو کورسییە جوڵاوەکانی ناوەڕاستیان تێدانییە و نێوانی کورسییەکان 80 سانتیممەترە بۆ ئەوەی خەڵک بە ئاسانی هاتوچۆبکات”.

بە وتەی ئارام بابان، “پاسەکان ئەپڵیکەیشنێکیان بۆ دادەنرێت بۆ ئەوەی ئەو هاوڵاتییانەی بە پاس هاتوچۆ دەکەن بزانن پاسەکە لە کام شوێنە و شۆفێرەکەی کێیە و چەند سەرنشینی دیکەی ماوە، هەروەها سیستمی پارەدانی ئەلیکترۆنیشی دەبێت”.

 

 

 

بابەتی پێشتر

بڕیار رەشید: گرێبەستەكەی وەزارەتی تەندروستی دژی هاوڵاتییانە

بابەتی دواتر

عەمار حەكیم سەرۆكی رەوتی حیكمە گەیشتە سلێمانی

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share