سەرۆكی هەرێم لەگەڵ وەزیری بەرگریی توركیا كۆبووەوە و دەڵێت، ناكرێت خاکى عێراق و کوردستان بۆ هەڕەشەکردن لە تورکیا بەکاربهێنرێت و دڵنیاییش دەدات کە هەرێم وەک هەمیشە فاکتەرێکى ئارامى و سەقامگیریى ناوچەکە دەبێت.
نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان نیوەڕۆى ئەمڕۆ سێشەممە 19ی كانونی دووەم لەگەڵ خلوسى ئاکار، وەزیرى بەرگریى تورکیا و شاندێکى یاوەرى كۆبووەوە.
بەپێی ڕاگەیەنراوێكی سەرۆكایەتی هەرێم لە کۆبوونەوەیەکدا هەردوولا جەختیان لە پاراستنى ئارامى و سەقامگیرى لە ناوچەکە و گرنگیى هاوکارى و هەماهەنگیى عێراق و هەرێمى کوردستان لەگەڵ تورکیا بۆ پارستنى سەقامگیریى ناوچەکە کردەوە.
نێچیرڤان بارزانی وێڕاى سوپاسکردنى تورکیا بۆ هاوکارییەکانى لە شەڕى دژى داعشدا بۆ عێراق و هەرێمى کوردستان، دووپاتیکردەوە، “ناکرێت خاکى عێراق و هەرێمى کوردستان وەک پێگەیەک بۆ هەڕەشەکردن لە تورکیا و وڵاتانى دراوسێ بەکاربهێنرێت و هیواى خواست لەمبارەیەوە عێراق ئەرکى خۆى جێبەجێ بکات، هەروەها شاندى میوانى دڵنیاکردەوە کە هەرێمى کوردستان وەک هەمیشە فاکتەرێکى ئارامى و سەقامگیریى ناوچەکە دەبێت”.
لە بەشێكی دیكەی ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە، پەرەپێدان بە پەیوەندییەکانى عێراق و هەرێمى کوردستان لەگەڵ تورکیا لە هەموو بوارەکاندا، پەیوەندییەکانی ھەولێر ـ بەغدا و کێشەکانی بەردەم پرۆسەی سیاسی و شەڕی داعش، بوارەکانى هاریکارى و هەماهەنگیى نێوان هەردوولا، دۆخى ناوچەکە بەگشتى، ڕێککەوتنى شەنگال و گرنگیى جێبەجێکردنى، گرنگیى پاراستنى سنوورەکان و ئاسایشیان، چەند تەوەرێکى دیکەى کۆبوونەوەکە بوون.
هەریەك لە جێگرانى سەرۆک، وەزیرى پێشمەرگە، سوپاسالارى هەرێمى کوردستان و بەرپرسى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى هەرێمى کوردستان، ئامادەى كۆبوونەوەكە بوون.