محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق دووپاتیکردەوە کە پڕۆژەی رێگای گەشەپێدان پێگەی عێراق لە ناوچەکەدا بەهێزتر دەکات، لە رووی سیاسی و ئابوورییەوە.
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ بەڕێوەبەری ئینستیتیوتی عێراقی بۆ دیالۆگ، عەباس رادی ئەلعامیری کۆبووەوە و لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژەی بەوەکرد، رێگای گەشەپێدان رۆڵێکی سەرەکی بە وڵات دەبەخشێت لە سیستمی ناوچەییدا وەک خاڵێکی گرنگی پەیوەندی نێوان رۆژهەڵات و رۆژئاوا.
پێشتریش چەند جارێک سودانی ئاماژەی بە گرنگی رێگاکە کردووە و باسی لەوەکردووە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر گەشەسەندی ئابوری عێراق و وڵاتانی ناوچەکە و جیهانیش دەبێت.
رێگای گەشەپێدان کە زیاتر لە 10 وڵات بەشدارن لە دروستکردنیدا و 1200 کیلۆمەتر درێژییەکەیەتی کە خەلیج و تورکیا بەیەکترەوە دەبەستێتەوە و لە وێنە گەورەکەدا ئاسیا بە ئەوروپاوە دەبەستێتەوە و بڕیارە تاوەکو ساڵی 2028 تەواو بکرێت و تێچووی گشتیی پڕۆژەکە بە 17 ملیار دۆلار مەزەندەکراوە.