بەرپرسێكی پێشووی دارایی هۆكاری فەوتانی مووچەی مانگی 12ی ساڵی رابردوو بۆ رادەستنەكردنی داهاتی هەرێم بە بەغداد دەگەڕێنێتەوە.
فازڵ نەبی، بریكاری پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق لە لێدوانێكدا هۆكاری كورتهێنانی ئەو پارەیەی لە بەغدادەوە تایبەت بە مووچە رەوانە دەكرێت بۆ رادەستنەكردنی نیوەی داهاتی ناوخۆ لەلایەن هەرێمەوە گەڕاندەوە و رایگەیاند، بەغداد چاوەڕوانبوو مانگانە هەرێم نزیكەی 160 ملیار دیناری نیوەی داهاتی ناوخۆی رادەستبكات، بەڵام لەلایەن هەرێمەوە چەند مانگێك دەوروبەری 75 ملیار رەوانەكرا.
روونیشیكردەوە، بۆ چارەسەری ئەو دۆخە وەزیری دارایی عێراق داوای تەرازووی پێداچوونەوە “میزانی موراجەعە”ی كرد، دوای هەڵسەنگاندنی تەواوی مانگەكانی ساڵ، داهاتی ناوخۆی لە پارەداركردن “تەمویل”ی مانگانەی مووچە بڕی.
فازڵ نەبی باسی لەوەشكرد، بە لێدەركردنی داهاتی ناوخۆ، پێش سەری ساڵ بەغداد نووسراوی بۆ خەرجكردنی 442 ملیاری تایبەت بە مانگی 12 دەركرد، بەڵام نەیانخستە ناو نیزامی سویفت، بەوەش ناچێتە بانكی ناوەندی و خەرجناكرێت.
روونیشیكردەوە، دوای دووبارە پێداچوونەوە بڕیاردراوە كە ئەو بڕەش كەمبكرێتەوە و مافی هەرێم بۆ ئەو مانگە بە 264 ملیار دینار دیاریكراوە و نووسراوێكی نوێیان بۆ ئەو بڕە پارەیە دەركردووە.
ئەو بەرپرسەی پێشووی دارایی دڵنیاییدا لە فەوتانی مووچەی مانگی (12)ی مووچەخۆرانی هەرێم، بەهۆی ئەوەی بەو پارەیەی دەنێردرێت، كورتهێنانی مووچەی مانگی (11)ی پێپڕدەكرێتەوە كە ئەمڕۆ دەست بە دابەشكردنی كرا و وتی، “مووچەی مانگی 12 نادرێت، ئیلا ئەگەر موعجیزە رووبدات، ئەویش روونادات”.