قوباد تاڵەبانی: هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا و پاك و بێگەرد بەڕێوەبچێت

جێگری سەرۆك وەزیران رایدەگەیەنێت، هەموو هەوڵێک دەدەن هەڵبژاردن لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا و بە شێوەیەکی پاک و بێگەرد و دادپەروەرانە بەڕێوەبچێت.

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران ئەمڕۆ لە هەولێر پێشوازیکرد لە یان برێم، کونسوڵی گشتیی نوێی فەڕەنسا لە هەرێمی کوردستان و تیایدا پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە کونسوڵی نوێی فەڕەنسا کرد و هیوایخواست لە ماوەی ئەرکەکەیدا، پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و فەرەنسا لە هەموو بوارەکاندا بەرەوپێشچوونی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت و لەم چوارچێوەیەشدا ئامادەیی هەموو جۆرە هاوکاری و پشتیوانییەکی بۆ دەربڕی.

بەپێی راگەیەندراوێكی كۆبوونەوەكە، هەردوولا بە گرنگییەوە باسیان لە پەیوەندیی مێژوویی هەردوو گەلی کورد و فەڕەنسا کرد. جێگری سەرۆک وەزیران پشتگیری و هاوکارییەکانی حکومەتی فەرەنسای بۆ گەلی کورد لە چەندین وێستگەی گرنگی مێژووییدا بەرزنرخاند. لە بەرامبەردا یان برێم بە ئاماژەدان بەو پەیوەندییە مێژووییە رایگەیاند، شانازی دەکات کە وەک کونسوڵی گشتیی نوێی فەرەنسا لە کوردستان دەستبەکاربووە.

هەروەك باسی دۆخی هەرێمی کوردستان، بە تایبەتیش لەڕووی ئازادی رادەربڕین و مافی مرۆڤەوە کرا. هاوڕابوون کە لە ماوەی داهاتوودا پێکەوە کاری هاوبەش بکەن بۆ باشترکردنی دۆخی مافی مرۆڤ و ئازادیی رادەربڕین لە هەرێم.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باسی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق و هەڵبژاردنەکانی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان کرا. هەردوولا هیوایان خواست هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق لە کەشێکی ئارام و سەقامگیردا بەڕێوەبچێت، بە تایبەتیش ئاماژە بە دۆخی کەرکوک کرا. لەمبارەیەوە جێگری سەرۆک وەزیران جەختی کردەوە کە لەماوەی ساڵانی رابردوودا لە کەرکوک جیاوازیی لەنێوان پێکهاتەکاندا کراوە و پێویستە لە دوای هەڵبژاردنەکاندا لە ئیدارەدانی شارەکەدا بگەڕێینەوە بۆ پرەنسیپەکانی سەرۆک مام جەلال تا روحی پێکەوەژیانی ئاشتییانە لە کەرکوک قوڵتر بکرێتەوە و هیچ پێکهاتەیەک هەست بە ستەم و پەراوێزخراوی نەکات.

سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی پەرلەمانی کوردستانیش قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، هەموو هەوڵێک دەدەین هەڵبژاردن لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا و بە شێوەیەکی پاک و بێگەرد و دادپەروەرانە بەڕێوەبچێت.

بابەتی پێشتر

بە فەرمی داوای هەڵوەشاندنەوەی حزبەكەی حەلبوسی دەكرێت

بابەتی دواتر

سەرۆكی هەرێم گەیشتە ئیمارات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share