بەتەمەنترین کەسی جیهان کە ناوی تۆمیکۆ ئیتۆکا-یە لە تەمەنی 116 ساڵیدا کۆچی دواییکرد.
ئەو کەسە ژنێکی ژاپۆنییە لە شاری ئاشیا (باشووری ژاپۆن) کە تێیدا ژیاوە، کۆچی دواییکردووە.
سەرۆکی شارەوانیی ئاشیا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئیتوکا خاوەنی چوار منداڵ و پێنج نەوە بووە، لە 29ی کانوونی یەکەمدا لە خانەی بەساڵاچووان کۆچی دواییکردووە کە لە ساڵی 2019ەوە تێیدا نیشتەجێبووە.
ئیتۆکا لە 23ی ئایاری 1908 لە ئۆساکا لە نزیک ئاشیا لەدایکبووە و دوای مردنی ماریا برانیاس مۆریرای ئیسپانی لە مانگی ئابی 2024 لە تەمەنی 117 ساڵیدا وەک بەتەمەنترین کەسی جیهان دیاریکراوە.
ریۆسۆکی تاکاشیما، سەرۆکی شارەوانیی ئاشیا وتی، “خاتوو ئیتۆکا بە درێژایی تەمەنی درێژخایەنی بوێر و هیوابەخش بووە و ئێمە سوپاسی دەکەین”.
ئیتوکا لە خێزانێکی سێ منداڵەوە هاتووە، لە تەمەنی گەنجیدا یاریزانی بالە بووە، شاهیدی شەڕ و پەتا و شۆڕشی تەکنەلۆژی بووە، لە تەمەنی پیریدا زۆر حەزی لە مۆز و خواردنەوە بەناوبانگەکەی کالێبی لە ژاپۆن بووە.
ئێستا ژاپۆن قەیرانێکی دیمۆگرافی بەخۆیەوە دەبینێت لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی بەساڵاچووان و کەمبوونەوەی هێزی کار، ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبوونی تێچووی پزیشکی و کۆمەڵایەتی.
لە مانگی ئەیلولی رابردوودا، ژاپۆن رایگەیاند کە زیاتر لە 95 هەزار کەسی تەمەن 100 ساڵییان هەیە کە 88%یان ژنن.
ئەو وڵاتە 124 ملیۆن کەسی تێدایە کە یەک لەسەر سێی ئەو کەسانە تەمەنیان 65 ساڵ یان زیاترن.
دوای مردنی تۆمیکۆ ئیتوکا، بەتەمەنترین کەسی جیهان ئێستا ئینا کانابارو لوکاسی بەرازیلییە، کە لە 8ی حوزەیرانی 1908 لەدایکبووە و تەمەنی 116 ساڵە.