وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە دیمەشقەوە داوای دەستەبەركردنی ئاسایش بۆ كورد و دەستێوەرنەدان لە كاروباری ناوخۆی سوریا لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە دەكات.
ئەنالینا بیربۆك، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا داوای لە وڵاتانی دراوسێ كرد رێز لە یەكێتیی خاكی سوریا و سەروەرییەكەی بگرن.
وتیشی، “ئاسایشی كورد گرنگە بۆ ئەوەی سوریا لە ئاشتیدا بژی” دووپاتیشیكردەوە ئەوەش “پێویستی بە راوەستانی شەڕە لە باكوور (لەنێوان هەسەدە و گروپەكانی سەر بە توركیا) و تێكەڵكردنی هێزە كوردییەكان… بە پێكهاتەی ئەمنیی سوریا”.
وەزیرە ئەڵمانییەكە باسی لەوەشكرد، ئەوروپا پاڵپشتیی سوریا دەكات لە قۆناغی گواستنەوەدا، بەڵام “پاڵپشتیی هێزە ئیسلامییە نوێكان ناكات”.
دووپاتیشیكردەوە، مافەكانی ژنان پێوەرە بۆ هێنانەدی بەرەوپێشەوەچوون لە بواری مافەكانی مرۆڤدا و روونیشیكردەوە، هەڵگرتنی سزاكان لەسەر سوریا پشتدەبەستێت بە پێشكەوتن لە پرۆسەی سیاسیدا.
بیربۆك لە سەرەتای سەردانەكەیدا بۆ سوریا رایگەیاندبوو، بڕیاردان لەسەر “دەستەی رزگاریی شام” دەكەوێتەسەر كردەوەكانی و بەردەوام دەبێت، بەڵام سەرەڕای هەموو گومانەكان (بەرامبەر دەستەی رزگاری) ناكرێت هەلی پاڵپشتیی گەلی سوریا لەم قۆناغە هەستیارەدا لەدەستبدرێت.
وتەكانی وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ئەمڕۆ لەمیانەی سەردانێكیدا بوو لەگەڵ جان نوێل بارۆ-ی هاوتا فەرەنسییەكەی بۆ دیمەشق و كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆكی ئیدارەی نوێی وڵاتەكە.