کشانەوەی دوا سەربازی وڵاتەکەیان لە عێراق لەلایەن وەزارەتی بەرگریی فینلاندەوە راگەیاندرا و ئاماژەی بەوەکرد، لەماوەی رابردوودا بەشدارییان لە مەشق و راهێنانەکان بە هێزە عێراقییەکان کردووە بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش.
لە راگەیەندراوێکی وەزارەتەکەدا هاتووە، داعش زۆربەی ئەو زەوییانەیان لەدەستداوە کە کۆنتڕۆڵیان کردبوو، بەڵام هێشتا مەترسی دروستدەکەن، ئەمەش داوای بەردەوامبوونی شەڕی دژی تیرۆر دەکات، بەڵام بەشداریکردنی فینلاند لە ئۆپەڕاسیۆنەکان کۆتایی هاتووە.
باسی لەوەشکردووە، ئەفسەر و راوێژکارانی فینلاند لە عێراق مەشق و راهێنانی پێشکەشکردووە و بەشدارییان کردووە لە بەرزکردنەوەی توانای هێزە ئەمنییەکان بۆ پاراستنی ناوچەکانیان و دڵنیابوون سەلامەتی دانیشتووانی ناوچەکە.
لە راگەیەندراوەکەدا روونیکردووەتەوە، لەگەڵ هێوربوونەوەی بەشێکی رەوشەکە لە ساڵی 2019، رۆڵی فینلاند لە پێشکەشکردنی راهێنانەوە گۆڕا بۆ گرنگیدان بە چالاکییەکانی پاراستن و راوێژکاری، بەو پێیەی راوێژکارە فینلەندیەکان پاڵپشتی پەرەپێدانی توانا ئەمنییەکانی هێزە عێراقییەکانیان کرد لە رووی تاکتیکی و ئۆپەراسیۆنییەوە.
جەخت لەوەشکراوەتەوە، هەرچەندە بەشداریکردنی فینلاند لە ئۆپەراسیۆنەکان کۆتایی هاتووە، بەڵام بەردەوامە لە پاڵپشتی و پەرەپێدانی کەرتی ئەمنی لە عێراق لە رێگەی بەشداریکردنی لە نوێنەرایەتی ناتۆ لە عێراق.