مەعروف مەجید، سەرۆكی رێكخراوی ئاییندە بۆ پاراستنی ژینگە لە هەرێمی كوردستان دەڵێت،”هەولێر دووەم پیسترین شاری عێراق و یەكەمی هەرێمی كوردستانە و بەپێی توێژینەوەیەك، ژیان لە هەولێر وەكو ئەوە وایە كە رۆژانە هەر تاكێكی نیشتەجێی شاری هەولێر دوو پاكەت جگەرە بكێشێت”.
وتیشی،” لە كۆبوونەوەیەكی ئەنجومەنی باڵای ژینگەی هەرێمی كوردستان كە نوێنەری 14 وەزارەت لەگەڵ دەستەی ژینگەیە بەشداربووم كە گفتوگۆ لەسەر گرفتەكانی پیسبوونی هەوا لە هەرێمی كوردستان كرا كە بەپێی وتەی بەڕێوەبەرە گشتییەكان لە یەكێك لە وەزارەتەكانی حكومەت، توێژینەوەیەك كراوە و دەركەوتووە هەوای شاری هەولێر ئەوەندە پیسە وەكو ئەوە وایە كە رۆژانە هەر تاكێكی شاری هەولێر دوو پاكەت جگەرە بكێشێت”.
راشیگەیاند،”بەپێی ئەو بەڵگە و دیمەنانەی كە لە ماوەی رابردوو تەنانەت ئاژانسە جیهانییەكانیش باسیان كردووە دەركەوتووە دوای بەغداد، هەولێر دووەم شاری عێراقە لە رووی پیسبوونی ژینگەوە و هەواوە”.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، لە شاری هەولێر تاوەكو ئێستا 143 پاڵاوگەی نایاسایی هەن كە ئەوەش هۆكارێكە بۆ پیسبوونی ژینگەی شارەكە.