راوێژكارێكی پێشووی هاوپەیمانان شیكردنەوە بۆ وتەیەكی ئەردۆغان سەبارەت بە كورد لە سوریا دەكات و دەشڵێت، ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە دەبنە هەرێمێكی سەربەخۆ.
كازم وائیلی، راوێژكاری پێشووی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق و سوریا رایگەیاند، وتارەكەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆكی توركیا كە دەڵێت “چەكدارە كوردەكان یان دەبێتە چەكەكانیان دانێن، یان بە چەكەكانیانەوە بنێژرێن” هیچ نییە جگە لە وتارێك كە ئاراستەی جەماوەرەكەی و لایەنگرانی لە گروپە چەكدارەكانی سوریای كردووە.
وائیلی لە پەیامێكدا لە تۆڕی (X) وتیشی، “بونی هێزەكانی سوریای دیموكرات پەیوەستە بە بوونی هێزەكانی ئەمریكا لەسەر خاكی سوریا، هەسەدە خاوەن هاوبەشییەكی ئەمنی-سەربازییە لەگەڵ ئەمریكییەكان بەهۆی ئەوەی پاسەوان و پارێزەری ئەو بەندینخانە و كامپانەیە كە پڕ لە هەزاران پاشماوەی تیرۆرستان”.
هەسەدە تاكە لایەنە لە سوریا كە هیچ پەیوەستییەكی مەزهەبی یان ئایینی یان نەتەوەیی لەگەڵ داعشدا نییە، بۆیە متمانەی واشنتنی بەدەستهێناوە بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ئەو ناوچە گرنگانە، وائیلی وا دەڵێت.
روونیشیدەكاتەوە، لە پرۆژەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكان لە سوریادا ئەوەیە كە ناوچەیەكی دەرەوەی دەسەڵاتی دیمەشق هەبێت، بەهۆی نەبوونی متمانەی بە سەركردایەتیی نوێ و ئەوەی روودەدات لە ئایندەدا لە ئاژاوەگێڕی یان جەنگ لەنێو ئەو گروپانەی رژێمی ئەسەدیان رووخاند.
“إما أن يلقي المسلحون الأكراد أسلحتهم أو يدفنوا في الأراضي السورية”.
الرئيس التركي طيب اردوغان
هذا التصريح لايعدو كونه خطاب موجه لجمهوره ومواليه من القيادة السورية الجديدة
وجود قوات سوريا الديموقراطية (قسد) مرتبط بوجود الاميركان على الأراضي السورية حيث تتمتع #قسد بشراكة…
— Kadhim Al-Waeli (@KadhimWaeli) December 25, 2024
ئەو راوێژكارەی پێشوو باس لەوەشدەكات، “ئاییندەی ئەو ناوچانەی لەژێر دەسەڵاتی هەسەدەدایە، دۆخێكی تایبەتی هاوشێوەی هەرێمی سەربەخۆی دەبێت و پەیوەندییەكەشی لەگەڵ سوریا تەنها لە هاوبەشیی جوگرافیدا دەبێت”.
دووپاتیشیدەكاتەوە، توركیا ناتوانێت بەشێوەیەكی ئاشكرا هێرشبكاتەسەر ئەو گروپانەی لەڕووی سەربازی و سیاسی و ئابورییەوە لەلایەن ویلایەتە یەكگرتووەكانەوە پاڵپشتی دەكرێن، تەنانەت ئەگەر ئیدارەی نوێش بە سەرۆكایەتیی ترەمپ دەستبەكاربێت، تەنها لەو ئەگەرەدا نەبێت كە ئیدارەی ترەمپ بڕیاری كشانەوەی تەواو لە خاكی سوریا و رادەستكردنی تەواوی سوریا بە ئەنقەرە و لایەنگرانی بدات، ئەمەش لەكاتی ئێستادا ئەستەمە.