بەرپرسێكی پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە رایدەگەیەنێت، هاوپەیمانان هاندەرن بۆ یەکخستنەوەی پێشمەرگە و کردنی بە هێزێکی پرۆفیشناڵ.
فەریق جەبار یاوەر، ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێكدا رایگەیاند، هاوپەیمانان هانمان دەدەن بۆ یەکخستنەوەی پێشمەرگە و کردنی بە هێزێکی پرۆفیشناڵ.
وتیشی، “هاوپەیمانان دەیانەوێت پێشمەرگە بەدەربێت لە ململانێی حزبی، گەر ئەمەمان کرد دەستخۆشیمان لێدەکەن، گەر گوێڕایەڵیشیان نەکەین وەکو ئەفغانستان بەجێمان دەهڵێن، خۆ تا قیامەت لەگەڵ ئێمە نامێننەوە”.
دەنگی ئەمریكا لە زاری جەبار یاوەر روونیكردەوە، جەختیشیکردەوە،”لە ساڵی 2003ەوە تا ئێستا هاوپەیمانان لەگەڵمانن، گەر لە ساڵی 2014ەوە حسابیشی بکەین دەکاتە دە ساڵ، سەرباری ئەو هەموو هاوکاری و پێدانی پارە و چەک و تەقەمەنی و مەشقکردنە بە پێشمەرگە، گەرچیتر گوێڕایەڵی هاوپەیمانان نەکەین، لێمان بێزار دەبن و وازمان لێدەهێنن”.
سەرەتای ئەم هەفتەیە وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویكردەوە، بڕیاردراوە بە دەستبەکاربوونی ناوچەی سەربازی یەک و دوو کە بەشێکی زۆری هێزەکانی پێشمەرگە و فەرماندەیی هێزەکانی 70 و 80ی پێشمەرگەی تێدا رێکدەخرێتەوە.