بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی رایدەگەیەنێت، لە رۆژانی پشوودا سەرجەم نەخۆشخانەكانی پارێزگای سلێمانی بە شێوەی ئێشكگر 24 كاتژمێر كراوەدەبن.
بەپێی روونكردنەوەیەكی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی كە وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووە و تێیدا هاتووە، هاوڵاتییانی سنووری پارێزگای سلێمانی بەمەبەستی ئامادەكاری و بەردەوامبوون لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی لە رۆژانی پشوودا، جگە لەنەخۆشخانە فریاكەوتنەكان سەرجەم نەخۆشخانە و سەنتەرە گرنگەكانی وەك سەنتەری فریاكەوتنی خێرا، سەنتەری شووشتنی گورچیلە، سەنتەری چارەسەركردنی شێرپەنجە بە تیشك و تیمەكانی چاودێریی تەندروستی، پشكنینی ئاو و نەخۆشییە گوازراوەكان بەردەوامدەبن لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی بەشێوەی ئێشكگر.
هەر لە راگەیەندراوەدا هاتووە، داوا لە هاوڵاتییان دەكەین لە كاتی بوونی هەر حاڵەتێكی كتوپڕدا دەتوانن پەیوەندیی بە سەنتەری فریاكەوتنی خێرای تەندروستی ژمارە 122 بكەن.