بڕیارە سبەی چوارشەممە 20ی كانونی دووەم، جۆ بایدن وەك سەرۆكی ئەمریكا دەستبەكارببێت. چەند ڕاپۆرتێكی هەواڵگری لە ئەمریكا، باس لەوە دەكەن كە هەوڵێك هەیە بۆ تێكدانی ئاهەنگی دەستبەكاربوونی حۆ بایدن و تەنانەت پێدەچێت ژیانی سەرۆك و گەورە كاربەدەستانی ئەمریكا بكەوێتە مەترسییەوە.
ڕاپۆرتەكانی هەواڵگری كە ڕۆژنامەی واشنتن پۆست ئەمڕۆ سێشەممە 19ی كانونی دووەم ئاشكرایكردوون، ئاماژە بۆ پلانێك دەكەن كە لەلایەن ڕاستڕەوە توندڕەوەكانی ئەمریكاوە داڕێژراوە و ئامانج لێی هێرشكردنەسەر ئاهەنگی دەستبەكاربوونی سەرۆكی نوێ و بەئامانجگرتنی ئامادەبووانە.
ئێف بی ئای: “گورگە تەنهاكان” هێرشدەكەن
نووسینگەی لێكۆڵینەوەی فیدراڵیی “ئێف بی ئای” سەرچاوەی یەكێك لەو ڕاپۆرتانەیە و دەڵێت، “پلانەكە بەجۆرێكە كە توندڕەوەكان بەشێوەی تاك تاك و ئەوەی پێی دەوترێت “گورگە تەنهاكان” هێرشبكەن و ئاهەنگەكە تێكبدەن.”
بە گوێرەی زانیارییەكانی “ئێف بی ئای” ئەوانەی بەنیازی هێرشكردنن، دەیانەوێت پۆشاكی ئەندامانی گاردی نیشتمانی بپۆشن و بەدوای ئەو كەلێنە ئەمنییانەدا دەگەڕێن كە هاوكاریان دەبن لە جێبەجێكردنی پلانەكەیاندا، تەنانەت بەشێكیان لە ئینتەرنێتەوە نەخشەی چەندین شوێنی هەستیاری واشنتن-یان دابەزاندووە.
پێنتاگۆن: ژیانی سەرۆك لە مەترسیدایە
ئەوەی زیاتر وادەكات ئەم زانیارییانە زیاتر جێگەی بایەخ و مەترسی بن، لێدوانی چەند بەرپرسێكی وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا “پێنتاگۆن”ـە كە دەڵێن، “لەنێو ئەوانەی ڕاسپێردراون بە پاراستنی سەرۆكی هەڵبژێردراو، كەسانێكی گومانلێكراو و جێگەی مەترسیی هەن كە ڕەنگە ببنە هەڕەشە و مەترسی بۆسەر ژیانی خوودی سەرۆك و چەندین بەرپرسی تری ئەمریكا.”
بڵاوكردنەوەی ئەم زانیارییانە لەكاتێكدایە، هێزێكی زۆری ئەمنی و سەربازی لە واشنتن بڵاوكراونەتەوە بۆ بەرگرتن لەو “مەترسییانەی دەكرێت لەكاتی دەستبەكاربوونی جۆ بایدن دا بێنەئاراوە.”
“واشنتن لە گۆڕەپانی جەنگ دەچێت، نەك پایتەخت و شار”
ژمارەی ئەو هێزانە ئەوەندە زۆرە، چەندین ناوەند و كەسایەتیی ئەمریكا دەڵێن، “واشنتن لە گۆڕەپانی جەنگ دەچێت، نەك پایتەخت و شار”. چونكە وەك سەرچاوەكان باسی دەكەن، ژمارەی ئەو هێزانەی لە نزیك بینای كاپیتۆل بڵاوەپێكراون، زیاترە لە كۆی ژمارەی سەربازانی ئەمریكا لە هەردوو وڵاتی عێراق و ئەفغانستان.
پێشتریش وۆڵف بلیتزەر، دیارترین بێژەری كەناڵی سی ئێن ئێن-ی ئەمریكی ڕایگەیاندبوو، واشنتن-ی پایتەخت وەك بەغدادی لێهاتووە بەهۆی بڵاوبوونەوەی هێزەكانی سوپا تیایدا.
بێژەرە ئەمریكییەكە لە تویتێكدا نووسیبووی، “هێزەكانی پاسەوانی نیشتمانی لە گۆشەی شەقامێكی ئاسایی واشنتن كۆكراونەتەوە، نەك لە نزیك بینای كۆنگرێس. زۆرێك لە شەقامەكانیش داخراون، ئەمانە ناوچەكانی جەنگم بەبیردەهێننەوە كە لە بەغداد یان موسڵ یاخود فەلوجە بینیومن، من زۆر نیگەرانم.”
هەڕەشەكردن لە جێگری سەرۆك، “ترەمپ جانتا ئەتۆمییەكە ڕادەستناكات”
هەموو ئەوانەی دەكرێن و دەوترێن، كاردانەوەی پشێوییەكانی سەروبەندی بردنەوەی جۆ بایدن لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و دۆڕانی دۆناڵد ترەمپ-ن، چونكە لە ڕۆژی پەسەندكردنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن لەلایەن كۆنگرێس-ـەوە لە 6ی كانونی دووەمدا، لایەنگرانی ترەمپ هەڵیانكوتایە سەر كۆنگرێس و كەسێك كوژرا.
ڕۆژی هەینی ڕابردوو، داواكاری فیدراڵیی ئەمریكا ئاشكرایكرد، “لایەنگرانی دۆناڵد ترەمپ دەیانویست لە كاتی هەڵكوتانەسەر كۆنگرێس دا، چەند بەرپرسێكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا بڕفێنن، تەنانەت هەڕەشەی توندیان لە جێگری سەرۆكی ئەمریكا كردبوو، هەر بۆ جێبەجێكردنی ئەو “پیلانە”ش بووە چوونەتە ناو كۆنگرێس.
دۆخی سەروبەندی دەستاودەستكردنی دەسەڵات لە ئەمریكا بەجۆرێك شێواوە، میدیاكان دەڵێن، “دۆناڵد ترەمپ ‘جانتا ئەتۆمییەكە’ لای خۆی دەهێڵێتەوە و دوای دەستبەكاربوونی جۆ بایدن وەك سەرۆك، ترەمپ جانتاكەی ڕادەست ناكات.”