وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، پنتاگۆن رایگەیاند، زیاتر لە 2500 سەربازی وڵاتەکەی لە عێراق بوونیان هەیە ئاماژەی بەوەشدا ژمارەی سەربازەکانی لە سوریا لە چەند ساڵی رابردوو زیادکردووە بەبێ ئەوەی ژمارەیەک بخاتەڕوو.
مەیجەر جەنەڕاڵ پات رایدەر، وتەبێژی پنتاگۆن رایگەیاند، لانیکەم 2500 ئەندامی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بوونیان هەیە جگە لە هەندێک هێزی پاڵپشتی کاتی کە بەشێوەی دەوری کارەکانیان دەکەن
وتیشی، بەهۆی رەچاوکردنی بابەتە دیبلۆماسییەکانەوە، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا زانیاری زیاتر ناخاتەڕوو لەبارەیانەوە.
بەگوێرەی رێککەوتنەکانی عێراق و ئەمریکا ئەرکی هاوپەیمانیی دژی رێکخراوی تیرۆرستی تاوەکو مانگی ئەیلولی ساڵی 2025 درێژەدەکێشێت و تاوەکو ساڵی 2026 بەشێک لە هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا دەمێننەوە.
جەنەڕاڵە ئەمریکییەکە هەفتەی رابردوو رایگەیاند کە نزیکەی دوو هەزار سەربازی ئەمریکی لە سوریا هەن، کە لە دوو هێندە زیاترە لەو ژمارەیەی کە ئەمریکا تائێستا بەئاشکرا دانیپێداناوە کە 900 سەربازە.