وەزارەتی دارایی هەرێم رایدەگەیەنێت، بۆ مانگی كانوونی دووەمی ساڵی داهاتوو سەرجەم فەرمانبەرانی شارستانی لە پارێزگای هەولێر بەشێوەی دیجیتاڵی مووچەكانیان وەردەگرن.
بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی دارایی هەرێم كە وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووە و تێیدا هاتووە، لە كۆبوونەوەكەدا تیشكخرایە سەر ئامادەكارییەكان بۆ كردنەوەی هەژماری بانكی بۆ سەرجەم خانەنشینان و كەسوكاری شەهیدان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان و لەو رووەوە چەندین كارئاسانیان بۆ دەكرێت و بڕیاریشە لەساڵی داهاتوودا هەنگاو بە هەنگاو پڕۆژەكە ڕادەستی وەزارەتی دارایی و ئابوری بكرێت.
ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە، لە كۆبوونەوەكەدا پێشوازی لە گشتاندنی ئەمیندارێتیی گشتیی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق كرا، كە كۆتایی مانگی تشرینی یەكەم ئاڕاستەی سەرجەم وەزارەت و پارێزگاكانی كردووە و كۆپییەكی بۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان ناردووە و حكومەتی هەرێمی پابەند كردووە بە جێبەجێكردنی ناوەڕۆكەكەی و تیایدا هاتووە، سەبارەت بەبەرەوپێشبردنی ژینگەی كارەكان و پتەوكردنی توانای بانكەكانی عێراق لەسەر بنەمای پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی دارایی و بانكی زیاتر كە سەرۆك وەزیرانی عێراق وەزارەت و كۆمپانیاكانی راسپاردووە بە پتەوكردنی پەیوەندیەكانیان لەگەڵ بانكە ئەهلیەكان، بەتایبەت لەبواری كردنەوەی هەژماری بانكی و پێدانی سولفە و قەرزی بەڵگەنامەیی و وەهەروەها هاوكاریكردن بۆ بەرەو پێشبردنی پارەدانی ئەلیكترۆنی و تەوتینكردنی مووچەی فەرمانبەران.