چەند بنكە و بارەگایەكی حەشدی شەعبی بە ئامانج كراون

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ لە پارێزگای بابل “فڕۆكە ئەمریكییەكان چەند بنكە و بارەگایەكی حەشدی شەعبی-یان كردووەتە ئامانج”، وەك بەشێك لە میدیا عێراقییەكان بڵاویان كردووەتەوە.

بەشێك لە میدیاكانی عێراق ئاشكرایانكردووە، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە 19ی كانونی دووەم، لە ناوچەی جورف سەخەر لە پارێزگای بابل نزیك لە بەغدادی پایتەخت، لەلایەن فڕۆكە ئەمریكییەكانەوە سێ بنكە و بارەگای حەشدی شەعبی تەقێندراونەتەوە.

ئاماژە بەوەشكراوە، بەهۆی ئەو هێرشانەوە نۆ كەس لە ڕیزەكانی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی كوژراون.

چەند كەناڵێكی عێراقی بە پشت بەستن بە چەند سەرچاوەیەكی ئەمنی باسیان لەوە كردووە، ئەو ناوچانەی لەلایەن فڕۆكە ئەمریكییەكانەوە بە ئامانج كراون هێزەكانی سەربە حەشدی شەعبی و سوپای عێراقی لێیە.

هەروەها لای خۆشییەوە كەناڵی عالەمی ئێرانی بڵاویكردووەتەوە، ئەو هێرشانە بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی ئەمریكییەوە ئەنجامدراون.

لەوبارەیەوە بێڵ ئووربان، وتەبێژی فەرماندەی ناوەندی هێزەكانی ئەمریكا ڕایگەیاندووە، “تەقینەوەیەك لە دەرەوەی بەغداد ڕویداوە و هیچ پەیوەندی بە چالاكییەكانی ئێمەوە نییە”.

لەلایەكی دیەكەوە هەندێك لە میدیاكانی سەربە ئێران، ئیسرائیل بە بەرپرسیار دەزانن لەو هێرشانەی كراونەتەسەر حەشدی شەعبی.

پاش بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵانە، شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراق لە ڕاگەیەندراوێكدا ڕەتی كردەوە كە “هێزە ئەمنییەكانی عێراق لە بابل هێرشیان كرابێتە سەر”.

بابەتی پێشتر

وەزیری بەرگریی توركیا لە هەولێرە و ئەمڕۆ چاوی بە بەرپرسانی هەرێم دەكەوێت

بابەتی دواتر

بەهای نەوتی خاوی برێنت جارێكی دیكە بەرز بووەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share