لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال رایدەگەیەنێت، لەمەودوا سیستمی پاداش و سزا جێبەجێ دەکرێت و دەشڵێت، هەموو هەوڵی یەکێتی بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی خزمەتگوزار و کارا دەبێت.
قوباد تاڵەبانی، لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال ئەمڕۆ لە لەگەڵ تیمی یەکێتی لە حکومەتی خۆجێیی ئیدارەی راپەڕین كۆبووەوە و رایگەیاند، خزمەتکردنی هاوڵاتییانی ئیدارەی راپەڕین ئامانجی سەرەکیی ئێمەیە و ئاستی رەزامەندیی هاوڵاتییانیش پێوەری سەرەکییە بۆ بەردەوامبوونی هەر بەرپرسێک لە پۆستەکەیدا.
روونیشیکردەوە، لە کاتی پرۆسەی هەڵبژاردنەکاندا سەبارەت بە ئەدای بەرپرسانی حکومی لە ئیدارەی راپەڕین گفتوگۆی لەگەڵ چین و توێژە جیاوازەکانی دەڤەرەکە کردووە و هەڵسەنگاندنی ورد کراوە بۆ ئاستی رەزامەندیی هاوڵاتییان لە ئەدای بەرپرسەکان و دەرکەوتووە دانیشتووانی دەڤەرەکە لە ئەدای هەندێک لە بەرپرسان رازی نین.
لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال وتیشی، “لەمەودوا سیستمی پاداش و سزا جێبەجێ دەکرێت و، هەر بەرپرسێک لە ئاستی چاوەڕوانی خەڵکدا نەبێت بەبێ هیچ دوودڵییەک سزادەدرێت و گۆڕانکاری لە پۆستەکەیدا دەکرێت”.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی سوپاسی ئەو بەرپرسانەشی کرد کە لەماوەی رابردوودا ئەرکەکانی خۆیان بە باشی راپەڕاندووە و جێی متمانەی هاوڵاتییان بوون، داوایکرد زیاتر خۆیان ماندووبکەن و چی پێویست بوو لە خزمەتکردنی هاوڵاتییان درێغی نەکەن.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باسی دۆخی خزمەتگوزاریی لە دەڤەری راپەڕین کرا، لەمبارەیەوە لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال ئاماژەی بەوەدا بە هەموو تواناوە هەوڵدەدەن ئەو پڕۆژانەی کە هێشتا تەواونەکراون لە ماوەیەکی نزیکدا تەواوبکرێن. وتیشی پابەندن بەو بەڵێنانەی بە دانیشتوانی دەڤەرەکەیان داوە و هەوڵی تەواو دەدەن داواکارییەکانی خەڵک جێبەجێ بکرێن و زۆرترین پڕۆژەی وەبەرهێنان لە دەڤەرەکەدا جێبەجێ بکرێت و کارئاسانی تەواویش بۆ وەبەرهێنەران دەکرێت.
لە تەوەرێکی دیکەدا ئاماژەی بە پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم کرد و روونیکردەوە کە “هەموو هەوڵی یەکێتی بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی خزمەتگوزار و کارا دەبێت تا بتوانرێت کێشە و گرفتەکان چارەسەربکرێن و باشترین خزمەتگوزاریی پێشکەش بە هاوڵاتییان بکرێت”.