بڕیارە سبەی دەست بە دابەشكردنی مووچەی مانگی تشرینی یەكەمی مووچەخۆرانی هەرێم بكرێت، بۆ ئەوەش ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی و ئابوری لیستی دابەشكردنەكەی بڵاودەكاتەوە.
سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ لەلایەن وەزارەتیانەوە بە رەسمی لیستی مووچە بڵاودەكرێتەوە.
وتیشی، “لەئێستادا تاوتوێی ئەوە دەكرێت ئایا دابەشكردنی مووچەی مانگی تشرینی یەكەم بە چەند رۆژ ئەنجامبدرێت، راستەوخۆ دوای گەیشتنە بڕیار، لیستەكە بڵاودەكرێتەوە”.
دوێنی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێكی بڵاویكردەوە، دوای ئەوەی شاندێکی حکومەتی هەرێم سەردانی بەغدادیان کرد بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدراڵ بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، گفتوگۆکان ئەرێنی بوون و لەیەکتێگەیشتنی هاوبەش هاتووەتەدی بۆ دابینکردنی شایستەکانی مووچەخۆرانی هەرێم.
باسی لەوەشكرد، “بۆیە لە رۆژی سێشەممەوە 12/17 دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی 10 دەکرێت و، لەگەڵ گەیشتنی تەواوکارییەکانی مووچە، مووچەی مانگەکانی دیكەش بە زووترین کات دابەشدەکرێت”.