لە هەولێر مامۆستایان و مووچەخۆران داوای تەوتینکردنی مووچەکانیان دەکەن و هۆشداریش بە سەرۆكی حکومەت و وەزیری دارایی دەدەن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، لە هەولێر ژمارەیەك لەو مامۆستا و مووچەخۆرانەی سكاڵایان بۆ تەوتین لە بەغداد تۆماركردبوو لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا رایانگەیاند “دەمانەوێت بەشداری لە پرۆژەی تەوتیندا بکەین، چونکە کارئاسانی بۆ مووچەخۆران دەکات و تەنانەت بۆ حکومەتیش دەبێتە کارئاسانی”.
ئاماژەیان بەوەشدا، “ماوەیەکی زۆرە حکومەتی هەرێم دژایەتی پرۆژەکە دەکات و ئاستەنگی بۆ دروستدەکات، هەربۆیە لە سكاڵاكەدا هۆشداری بە بە سەرۆکایەتی حکومەت و وەزارەتی دارایی دراوە”.
“ئەنجومەنێکی سەرتاسەری بۆ پاڵپشتیکردنی پڕۆژەی تەوتین دروستدەکەین و کار بۆ جێبەجێکردنی پرۆسەکە دەکەین”، وەك ئەوەی لە كۆنگرە رۆژنامەنووسیەكەدا ئاماژەی پێدرا.