دابەشكردنی موچە دەستپێدەكات و گۆڕانكارییەكیش لە خشتەی مانگەكاندا دەكرێت

دابەشكردنی موچە “لەسەدا سەد” لەم هەفتەیەدا دەستپێدەكات، هاوكات بەغداد پشكی چ مانگێك بۆ هەرێم بنێرێت، دەبێت حكومەتی هەرێمیش پەیوەست بێت بەو مانگەی كە حكومەتی عێراق دیاریكردووە، وەك ئەوەی سەرچاوەیەكی باڵای ئەنجومەنی وەزیران باسیدەكات.

سەرچاوەیەكی باڵا لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ شەممە 10ی تشرینی یەكەم بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “ئەم هەفتەیە لەسەدا سەد دەست بە دابەشكردنی موچە دەكرێت”.

وتیشی، دیاریكردنی وادەی دەستپێكی دابەشكردنی موچە ئەمڕۆ یان سبەی بڕیاری لەسەر دەدرێت و بەمەش ڕەنگە دووشەممە یان سێشەممە دەست بە دابەشكردنی موچە بكرێت.

لە كۆبوونەوەی چوارشەممەی ڕابردوی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم “گفتوگۆ دەربارەی ڕێکخستنەوەی خشتەی مانگانەی پێدانی موچە کرا لەبەر ڕۆشنایی خۆگونجاندن لەگەڵ خشتەی مانگانەی خەرجکردنی بەشێک لە شایستە داراییەکانی هەرێم لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە. بۆ ئەم مەبەستەش، ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی دارایی و ئابوری ڕاسپارد، ڕێکاریی کارگێڕی و دارایی پێویست بگرێتەبەر” وەك ئەوەی لە ڕاگەیەنراوی كۆبوونەوەكەدا هاتووە.

دەربارەی ئەو بڕگەیەی ڕاگەیەنراوەكە سەرچاوەكەی ئەنجومەنی وەزیران ئاشكرایكرد، “لەمەودوا بەغداد پارە بۆ مانگی چەند دەنێرێت، دەبێت حكومەتی هەرێمیش پەیوەست بێت بەو مانگەی كە حكومەتی عێراق دیاریكردووە”.

ڕوونیشیكردەوە، ئەمەش واتە ئەگەر حكومەتی ناوەند بودجەی بۆ مانگی 9 نارد، دەبێت حكومەتی هەرێم پابەندبێت بە دابەشكردنی موچەی ئەو مانگە، نەك موچەی مانگی چوار یان پێنج، بەمەش پێویستە هەرێم گۆڕانكاری لە موچەی دابەشكراوی مانگانەدا بكات.

پێدەچێت بڕیارەكە بۆ موچەی مانگی داهاتوو جێبەجێبكرێت، بەڵام نازانرێت موچەی ئەو چەند مانگە پاشەكەوت دەكرێت یان ڕێكاریی دیكەی بۆ دەدۆزرێتەوە.

52 ڕۆژ بەسەر دابەشكردنی موچەی مانگی ئازاری یەكەم وەزارەتی هەرێمی كوردستان تێدەپەڕێت، هێشتا موچەخۆرانی هەرێم كە دەبوو موچەی مانگی نیسان-یان لە مانگی ئەیلولی ڕابردوو وەربگرن، وەرنەگرتووە.

لە 18ی ئابی ڕابردوو دەست بە دابەشكردنی موچەی مانگی ئازاری وەزارەتی تەندروستی كرا و لە 22ی ئابیش بە دابەشكردنی موچەی خانەنشینی شارستانی كۆتایی بە دابەشكردنی موچەی ئەو مانگە هێنرا، ئەمەش واتە كارمەندانی وەزارەتی تەندروستی 52 ڕۆژ و خانەنشینانیش 46 ڕۆژ بەسەر وەرگرتنی دوایین موچەیاندا تێپەڕبووە.

بابەتی پێشتر

چێ گیڤارا ئەو کەسەى هەر بە شۆڕشگێڕى لەدایکبوو، یۆچى لەسێدارەدرا؟

بابەتی دواتر

بۆچى بەرزبوونەوە و دابەزینى نرخى نەوت پەیوەندى بە ترەمپەوە هەیە؟

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

كاركردن لە كۆرمۆر نەوەستاوە

دوای هێرشە مووشەكییەكەی دوێنێی سەر كێڵگەی كۆرمۆر، كۆمپانیای دانەغاز كەمێك لەمەوبەر ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە، دەڵێت كاركردن لە كێڵگەكە نەوەستاوە.…
Total
0
Share