وەزارەتی كارەبای هەرێم ئاساییبوونەوەی دۆخی كارەبا رادەگەیەنێت دوای ئەو كوژانەوە گشتییەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ روویدا.
وەزارەتی كارەبای هەرێم لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، دوای ئەوەی كاتژمێر 4:00ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەهۆی گرفتی هەناردەی غاز، کوژانەوەی گشتیی کارەبا روویدا. تیمەکانی کارەبا توانییان کێشەکە چارەسەر بکەن و دۆخی کارەبا ئاسایی بووەوە.
پێشتریش سەرچاوەیەك لە وەزارەتی كارەبای هەرێم بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، گرفتی كوژانەوەی گشتیی كارەبای نیشتمانی لە چارەسەر نزیكە و تا نزیكەی نیو كاتژمێری دیكە كارەبای سلێمانی دەگەڕێندرێتەوە و، دواتریش كارەبای شارەكانی دیكە.
ئەوەشی خستەڕوو، لەدوای روودانی كوژانەوەكەوە وەزیر، بریكاری وەزیر و بەرپرسانی دیكەی پەیوەندیدار لەسەر هێڵن و تیمە تەكنییەكان خراونەتەكار بۆ چارەسەری گرفتەكە.
لەبارەی هۆكارەكەیەوە پێشتر بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە کاتژمێر 4:30ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەكشەممە بەهۆی دابەزینی پەستانی غاز بەخێرایی لە كۆمپانیای دانەغاز، كوژانەوەی سەرجەم یەكەكانی وێستگەی بەرهەمهێنانی غاز و روودانی كوژانەوەی گشتیی كارەبا لە هەرێمی كوردستان روویدا.