وتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێم كەناڵێكی نزیك لە سەرۆكی حكومەت بە نابەرپرس و چەواشەكار ناودەبات و دەڵێت، لە سەرەتای كاركردندان و دەیانەوێت لایك و ڤیو زیادبكەن.
هونەر جەمال، وتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێم لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا لە هەولێر رایگەیاند، كەناڵی “ئاڤا” زۆر نابەرپرسیارانە و چەواشاركارانە هەواڵێكی بڵاوكردووەتەوە گوایە وەزارەتی دارایی لە نووسراوێكدا ژمارەی هەڵەی بۆ وەزارەتی دارایی عێراق ناردووە.
وتیشی، “نووسراوەكانی وەزارەتی دارایی راست و دروستن و ئەو هەواڵانە هیچ بنەمایەكیان نییە”.
دەبێت “ئاڤا” بزانێت كە نزیكە لە حكومەت و سەرۆكی حكومەتەوە و پێویستە زۆر بەرپرسیارانەتر لە كەناڵەكانی تر رەفتار بكەن، هونەر جەمال وای وت.
ئەوەشی وت، “ئێمە دەزانین لە سەرەتای كاركردندا و دەیانەوێت لایك و ڤیوو زیاد بكەن، بەڵام مەرج نییە هەر هەواڵێك لە بەغدادەوە بێت راست بێت” و دوپاتیكردەوە، دەبوو پێش بڵاوكردنەوەی هەر هەواڵێك بگەڕانایەتەوە بۆ وەزارەتی دارایی، لەبەرهیچ نا لەبەر سەرۆكی حكومەتی هەرێم.
وتەبێژی وەزارەتی دارایی باسی لەوەشكرد، پێویستە ئەو هەڵانەی كردوویانە راستی بكەنەوە و نەكەونە ژێر كاریگەریی هیچ هەواڵدەرێكی ناڕاستگۆوە.
جەختیشیكردەوە، هەر هەواڵێك دەربارەی مووچە یان هەر زانیارییەك، گەر خۆیان بڵاوینەكەینەوە هیچ بنەمایەكی نییە، بۆ باشترە بۆ ئاڤا هەر كەناڵێك كە هەواڵی ناڕاست و ناڕەوا بڵاودەكەنەوە، بگەڕێنەوە بۆ وەزارەتیان، چونكە ئاڤا نزیكە لە حكومەت و پێویست بوو بەرپرسیارانەتر مامەڵەی بكردایە.