بافڵ جەلال تاڵەبانی رایگەیاند، بە دڵتەنگییەكی قووڵ و وەفاداریی هەمیشەییمانەوە یادی شەهیدبوونی برام فەرماندە ئاكام عومەر دەكەینەوە، یادی سیمبوولێكی ئازایەتی و جوامێرێكی رێگەی ئازادی و دادپەروەری دەكەینەوە.
لە ساڵرۆژی شەهیدبوونی ئاکام عومەر فەرماندەی هێزەکانی کۆماندۆ بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، ئەوەی شەهید ئاكام بە خاكی كوردستانی بەخشی كەم نەبوو، ئەو بوو بە تەمەنێكی كەم و ئازایەتییەكی بێوێنەوە لە سەنگەرەكانی پێشمەرگە دژی یەكێك لە دڕندەترین هێزەكانی مێژوو وەستایەوە و پارێزگاری لە خاكی كوردستان و خەڵكەكەی دەكرد، ئەو كوردستانی لە دڵیدا هەڵگرتبوو و هەموو ئەوەی دەیویست سەرفرازی و سەقامگیریی بوو بۆ خاكەكەی، دواجار هەر لەو پێناوەشدا چووە ریزی شەهیدان و كاروانی نەمرانەوە.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا باسیلەوەکرد، دوای شەهیدبوونی فەرماندە ئاکام عومەر بەڵێنماندا هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان کە بەرهەمی هەوڵ و تێکۆشانی ئەو بوو، بەهێزتر و گەورەتر بکەین. بەڵێنەکەمان بەجێگەیاند و ئێستا ئەو هێزە لەهەمووكاتێك بەهێزتر و پتەوترە. لەهەمووكات زیاتر ئامادەی بەگژداچوونەوەی دوژمنانی كوردستان و یاساشكێنانە، هەموو پێشمەرگەكانی بە رۆحێكی یەكێتییانە و ئازایەتییەك كە لە شەهید ئاكامەوە فێریبوون، زیاتر ئامادەی بەخشینی خوێنی خۆیانن لەپێناو خاكی كوردستاندا.