ئایا هیچ مامۆستایەکی زانکۆ لە دۆسیەی “سلێمان هەڵشۆیی”دا زەرەرمەند بووە؟

لەدوای دەستگیرکردنی کەسێک بەناوی “سلێمان هەڵشۆیی” لەناوچەی پشدەر کە گوایە ملیۆنان دۆلاری هاوڵاتییانی خواردووە، وابڵاوکرایەوە کە چەند هاوڵاتییەک  پارەیان لای ئەو کەسە داناوە مامۆستای زانکۆن، بەڵام زانکۆی ڕاپەڕین و سلێمانی ڕەتیدەکەنەوە.

دکتۆر ڕەزا حەسەن  سەرۆکی زانکۆی سلێمانی، بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “بەداخەوە لەلایەن چەند کەسێکەوە لە سۆشیاڵ میدیا ناوی مامۆستایانی زانکۆ لەکەدار دەکرێت، ئێمە لێکۆڵینەوەمان کردووە هیچ مامۆستایەکی زانکۆی سلێمانی نەک لە بەشی کۆلێجی کارگێڕی و ئابوری، بەڵکو لە هەموو بەشەکان لەو دۆسیەدا نییە”.

هاوکات زانکۆی ڕاپەڕین لە ڕاگەیەنراوێکدا کە وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا کەوتووە دەڵێت، “چەندین دەنگۆ و پڕوپاگەندەی ناڕاست دەربارەی ژمارەیەك مامۆستا لەزانكۆی راپەڕین بڵاوكراوتەوە، سەرۆكایەتی زانكۆی راپەڕین، رایدەگەیەنێت، كە هیچ مامۆستایەكی نییە بڕوانامەی دكتۆرای لەبواری ئابوریدا هەبێت، جگەلەوەش لەدوای بەدواداچونی ورد، بۆمان دەركەوتووە كە هیچ مامۆستایەكی زانكۆمان، تێوەنەگلاوە لەم مامەڵانەی ئەو هاوڵاتییە ئەنجامیداون، ئەگەر كەیسێكی واش هەبێت و ئێمەش ئاگادارنەبین ئەوا (لەسەر ئاستی كەسیەو پەیوەندی بەزانكۆ وەكو دامەزراوە نییە)”.

زانکۆی ڕاپەڕین ئاماژەی بەوەکردووە، “بۆیە پێویستە ئەم دامەزراوە فەرمیانە کە کەناڵی تەلەڤزیۆنیشیان تێدایە، هەم داوای لێبوردن بكەن بەرامبەر بەو تانە و تەشهیرانەی بڵاویان كردونەتەوە، هەم خۆیان و پەیامنێرەكانیان پێویستە وردتر بن و لەدوای پشتڕاستكردنەوەی زانیارییەكان بەبەڵگە و دۆكیومێنت و وەرگرتنی لێدوانی فەرمی ئینجا زانیاریی بڵاوبكەنەوە”.

سلێمان هەڵشۆی، ئەو کەسەی وەک بازرگان و قازانجویست بۆ خەڵکی ناوی خۆی هێنابوو، لەدوای ئەوەی پارەیەکی زۆری هاوڵاتییان قەرزاربوو، کە هاوڵاتیان خۆیان دەڵێن” ٥٠ ملیۆن دۆلارە” مایەپوچبوونی خۆی ڕاگەیاند و سێ ڕۆژ پێش ئێستا لەلایەن ئاسایشی ڕاپەڕینەوە دەستگیرکرا.

بابەتی پێشتر

نرخی نەوت بەهۆی ترس لە ڤایرۆسە نوێیەکە دابەزی

بابەتی دواتر

ئایا دابەشکردنی موچە لە عێراق ڕاگیراوە؟

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share