فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی بڵاوکردەوە، کە پرسی مووچە بەشێکی پێکدەهێنێت.
بەپێی ئەو راگەیەندراوەی فەرمانگەی میدیا و زانیاری بڵاویکردووەتەوە، لە پێشەکی کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی وەزیراندا دواپێشهاتەكانی پەیوەندیدار بە بابەتی مووچە و هەمواركردنەوەی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵ و خشتەكانی هاوپێچی یاساكە بۆ ساڵی دارایی 2025 و رووداو و پێشهاتەكانی ئەمدواییەی وڵاتی سوریا گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت.
لە بڕگەیەکی کۆبوونەوەکەدا پێشنیاری هاوبەشی وەزارەتی دارایی و ئابووری و ئەنجومەنی گشتیی راژە بۆ هاوتاكردنی ناونیشانە وەزیفییەكان لە هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی لەبەر رۆشنایی یاسای ژمارە (9)ی ساڵی 2024 دەخرێتە ڕوو.
هاوکات بڕیارە لە بڕگەی کۆتایی کۆبوونەوەکەدا راپۆرتی وەزیری هەرێم بۆ كاروبارەی پێكهاتەكان سەبارەت بە كاروباری وەزارەتەكەی بخرێتەڕوو.