یەكێتی پرۆژەپەیڕەوێك تایبەت بە ناناوەندێتیی بەڕێوبردن و دارایی پێشكەش بە ئەنجومەنی وەزیران دەكات و ئەندامێكی سەركردایەتیی ئەو حزبەش دەڵێت، لامەركەزیی یەكێكە لە داواكارییەكانی بەشداریمان لە كابینەی نوێ و تایبەتیش نییە بە تەنها پارێزگایەك.
تەلار لەتیف، ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان ئەمڕۆ دووشەممە 18ی كانونی دووەم بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “داوای پەیڕەوێكمان كردووە كە لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە دەربچێت لەسەر لامەركەزی، پرۆژەی پەیڕەوەكە لە 11 مادە پێكهاتووە و تیایدا داوای دەسەڵاتە كارگێری و دارایی و تەكنیكی و یاساییەكانمان كردووە بۆ پارێزگار و لەویشەوە بۆ سەرۆكی یەكە ئیدارییەكان”.
وتیشی، “ئەو دەسەڵاتانەی زۆر زۆر گرنگن بۆ ئەم قۆناغە داوامانكردووە بە پاشكۆیەك دەربچێت و ئەوەشمان لە لیستێكدا لە پاشكۆی پەیڕەوەكە دیاریكردووە و ناردوومانە بۆ ئەنجومەنی وەزیران”.
تەلار لەتیف ئەوەشی خستەڕوو، پرۆژەی پەیڕەوەكەمان ڕادەستی لیژنەی لامەركەزی لە حكومەتی هەرێم كردووە و لە ئێستادا چاوەڕوانین لە نزیكترین كاتدا وەڵاممان بدەنەوە و كۆمەڵێك لەو دەسەڵاتانە دابەزێت، چونكە دەبێتەهۆی كەمكردنەوەی ڕۆتین، ئەو دەسەڵاتە داراییانەش كە داوامانكردوون دەبنەهۆی زیادبوونی خزمەتگوزارییەكان.
پرۆژەی پەیڕەوەكە تایبەتە بە سەرجەم پارێزگاكان و تەنها شار یان ناوچەیەكی دیاریكراو ناگرێتەوە، وەك ئەوەی ئەندامەكەی سەركردایەتیی یەكێتی باسیكرد و ئاماژەی بەوەشكرد، ڕاستە داوای لامەركەزیمان كردووە، بەڵام لە هەمان كاتدا داوای دەستەیەكی چاودێرییمان كردووە بۆ چۆنییەتی جێبەجێكردنی ئەم دەسەڵاتانە، چونكە گرنگە چاودێری هەبێت.
لە پەیڕەوەكەدا داواكراوە سەرجەم داهاتی پارێزگا بە ناوی پارێزگاكەوە تۆماربكرێت بۆ ئەوەی هەم داهاتەكان ڕوون و ئاشكرابن و هەم جارێكی دیكە لە خزمەت شارەكەدا بەكاربهێنرێن، تەلار لەتیف ئەوەشی وت، “لەهەمان كاتدا شارەكان بە ڕێژەیەك بەشداردەبن لە خەرجییە گشتییەكاندا”.
سەبارەت بە ڕای لایەنە سیاسییەكان لەسەر پرۆژەی پەیڕەوەكەش وتی، “بزوتنەوەی گۆڕان ئەو پڕۆژەیەی ئێمەیان زۆر زۆر پێباشبوو، نازانم پرۆژەی خۆیان دەبێت یان نا، بەڵام دڵنیام هیچ حیزب و لایەنێك دژی نابێت، چونكە هەر حزبێك دژ بێت دژی خواست و داواكانی هاوڵاتییانە”.
دەربارەی ئەوەی چ پاڵنەرێك بووەتەهۆی ئەوەی یەكێتی پرۆژەی پەیڕەوێكی لەو جۆرە پێشكەشبكات، ئەندامەكەی سەركردایەتیی ئەو حزبە وتی، “لامەركەزیی یەكێك بوو لە داواكارییەكان و مەرجی بەشداریمان لە كابینەی نوێ و پێشكەشكردنیشی كاركردنە لەسەر بەشێك لە ناوەرۆكی ڕێككەوتنەكەمان”.
جەختی لەسەر ئەوەشكردەوە، “تیمی یەكێتی لە حكومەت پشتگیریی ئەم پڕۆژەیە دەكات و دوو ئەندامیشمان هەن لەو لیژنەی لامەركەزییە كە حكومەت دروستیكردووە و ئیشی لەسەر دەكرێت، ئەگەر كابینەكە بڵێت ئێمە ئیشی لەسەر دەكەین و سەرجەم پارت و لایەنەكانیش لە بەرنامەی هەڵبژاردنیاندا هەیانبێت، ئەوە ئێستا كاتییەتی بەشێوەی كرداریی كاری لەسەر بكەن”.
تەلار لەتیف ڕوونیشیكردەوە، قۆرخكردنی سەرجەم دەسەڵاتەكان لە ناوەند، وادەكات شارەكانی دیكە نەتوانن ئەو كارە گرنگانەی پەیوەندیدارن بە خزمەتگوزاری و شارەوانی و وەبەرهێنان و گەشتوگوزار و تەنانەت كۆمەڵێك پرۆژەی گرنگ كە پەیوەندیدارن بە ژیانی خەڵك، جێبەجێیان بكەن، ئەوەش بەهۆی نەبوونی دەسەڵاتی كارگێری و دارایی.