قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشوازیکرد لە عەبدوڵا مەتەر ئەلمەزروعی، باڵیۆزی نوێی ئیمارات لە عێراق و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا تاوتوێی چۆنییەتی بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا کرا.
لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ چوارشەمە لە هەولێر بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە باڵیۆزی نوێی ئیمارات کرد و هیوای خواست لە ماوەی ئەرکەکەیدا پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی ئیمارات لە هەموو بوارەکاندا گەشەی زیاتر بەخۆیەوە ببێنێت.
هەر لەم چوارچێوەیەدا ستایشی رۆڵی باڵیۆزخانەی ئیمارات و کونسوڵخانەی ئەو وڵاتەی کرد لە هەرێم کە لە ماوەکانی رابردوودا رۆڵی بەرچاویان بینیوە لە پێشخستنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا لە بوارە جیاوازەکاندا.
لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆکرا لەبارەی چۆنییەتی پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانییەکان، لەمبارەیەوە جێگری سەرۆکوەزیران ئاماژەی بەوەدا لە هەرێمی کوردستان دەرفەتی زۆر گەورە بە تایبەت لە بوارەکانی وەبەرهێنان لە کەرتەکانی کشتوکاڵ و گەشتوگوزار و گەشتوکاڵ هەیە کە لە بەرژەوەندیی هەردوو لادایە حکومەتی ئیمارات هانی وەبەرهێنەران و بازرگانەکانی وڵاتەکەی بدات لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان بکەن.
قوباد تاڵەبانی داواشیکرد باڵیۆزخانەی ئیمارات کارئاسانی زیاتر پێشكەشی بازرگانانی هەرێمی کوردستان بکات و لەمبارەیەشەوە باڵیۆزی ئیمارات ئامادەیی خۆی دەربڕی هەموو جۆرە کارئاسانییەک بۆ بازرگانانی هەرێم بکات تا بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانییەکان سەردانی ئەو وڵاتە بکەن.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا جێگری سەرۆکوەزیران هەوڵەکانی بۆ هەمەجۆرکردنی ئابوری و گەشەپێدانی کەرتەکانی کشتوکاڵ و گەشتوگوزار و پشتگیریکردنی گەنجانی کارساز و داهێنەر و هەنگاوەکانی بە ئەلیکترۆنیکردنی دامەزراوەکانی حکومەت بۆ باڵیۆزی ئیمارات روونکردەوە و ئاماژەی بەوەشدا لەم بوارانەدا دەکرێت سود لە ئەزمونی سەرکەوتووی وڵاتی ئیمارات وەربگیرێت و داواشیکرد حکومەتی ئیمارات لەمبارەیەوە هاوکاری هەرێمی کوردستان بکات.