رێنمایی‌ نوێ بۆ وه‌رگرتنی‌ مۆڵه‌تی‌ به‌خێوكردنی‌ منداڵی‌ خاوه‌ن پێداویستیی‌ تایبه‌ت دەرچوو

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی چاودێری و کۆمەڵایەتیی سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، رێنمایی‌ نوێ بۆ وه‌رگرتنی‌ مۆڵه‌تی‌ به‌خێوكه‌ر بۆ به‌خێوكردنی‌ منداڵی‌ خاوه‌ن پێداویستیی‌ تایبه‌ت دەرچوو.

دەقی راگەیەندراوەکە:

مۆڵه‌تی‌ به‌خێوكه‌ر چییه‌؟

مۆڵه‌تی‌ به‌خێوكه‌ر، یان خۆته‌رخانكه‌ر بۆ به‌خێوكردنی‌ خاوه‌ن پێداویستییه‌كی‌ تیابه‌ت، یه‌كێك له‌ ئاسانكاری ‌‌و پشتیوانییه‌كانی‌ وه‌زاره‌تی‌ كار و كاروباری‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌، كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ پشتیوانیی‌ ئه‌و خێزانانه‌ ده‌كرێت كه‌ ئه‌ندامێكی‌ خێزانه‌كه‌یان پێویستی‌ به‌ هاوكارییه‌ بۆ به‌ڕێكردنی‌ ژیانی‌ رۆژانه‌ی‌.

مۆڵه‌ته‌كه‌ به‌پێی‌ یاسای‌ ژماره‌ 22ی‌ ساڵی‌ 2011ی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان، هه‌روه‌ها رێنمایی‌ ژماره‌ـ11ـی‌ ساڵی‌ 2024 وه‌زاره‌تی‌ كاروكاروباری‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ ده‌درێت به‌ هه‌ركه‌سێك خۆی‌ ته‌رخان بكات بۆ به‌خێوكردنی‌ هاوڵاتییە‌ك كه‌ پێویستی به‌ به‌خێوكردن ‌‌و چاودێریكردن هه‌بێت‌ و ئه‌و پێویستییه‌ش به‌پێی‌ راپۆرتی‌ پزیشكی‌ سه‌لمێندرابێت.

مه‌رجه‌كانی‌ كه‌سی‌ خۆته‌رخانكه‌ر چین؟

كه‌سی‌ خۆته‌رخانكه‌ر بۆ به‌خێوكردن‌ و چاودێریی‌ خاوه‌ن پێداویستییه‌كی‌ تایبه‌ت پێویسته‌ ئه‌م مه‌رجانه‌ی‌ تیابێت:

1ـ پێویسته‌ له‌ڕووی‌ جه‌سته‌یی ‌و ده‌روونییه‌وه‌ به‌ تواناو گونجاوبێت بۆ چاودێریكردنی‌ كه‌مئه‌ندام.

2ـ پله‌ی‌ خزمایه‌تی‌ زۆر نزیك بێت له‌ خێزانه‌كه‌ی‌ خۆی‌، هه‌تا بكرێت پێویسته‌ نزیكترین كه‌سی‌ بێت وه‌ك دایك یان باوك، ئه‌گه‌ر نه‌بوو ئه‌وه‌ ده‌كرێت كه‌سه‌ نزیكه‌كانی‌ تری‌ بێت، پاشان ئه‌گه‌ر هه‌ر كه‌س نه‌بوو ئه‌وه‌ ده‌كرێت له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ خێزانه‌كه‌ی‌ خۆی‌ بێت، هه‌روه‌ها پێویسته‌ شوێنی‌ نیشته‌جێبوونی‌ خۆته‌رخانكه‌ر و كه‌مئه‌ندام له‌یه‌ك شوێن بێت، بۆ منداڵ ئه‌گه‌ر دایكی‌ هه‌بێت‌ و بۆی‌ بگونجێت پێویسته‌ دایكی‌ بێت به‌تایبه‌ت تا ته‌مه‌نی‌ 12 ساڵی‌ .

3ـ  خۆته‌رخانكه‌ر پێویسته‌ به‌ڵێننامه‌ بدات كه‌ هیچ كارێكی‌ تر ناكات، ئه‌گه‌ر دواتر ده‌ركه‌وت كه‌ كارێكی‌ تر ده‌كات ‌و ئه‌ركه‌كه‌ی‌ له‌ چاودێریی‌ كه‌مئه‌ندامه‌كه‌ جێبه‌جێناكات، ئه‌وه‌:

ـ مۆڵه‌تی‌ خۆته‌رخانكردنه‌كه‌ی‌ لێوه‌رده‌گیرێته‌وه‌.

ـ به‌ پێبژاردنێك سزا ده‌درێت كه‌ بڕه‌كه‌ی‌ له‌ 500 هه‌زار دینار كه‌متر نه‌بێت ‌و له‌  یه‌ك ملیۆن دینار زیاتر نه‌بێت.

4ـ نابێت كه‌سێك له‌ یه‌ك كاتدا خۆی‌ بۆ زیاتر له‌ دوو كه‌مئه‌ندام ته‌رخان بكات، ‌ده‌بێت هه‌ردوو كه‌مئه‌ندامه‌كه‌ له‌ یه‌ك ماڵدا نیشته‌جێبن.

مۆڵه‌تی‌ به‌خێوكه‌ر كێ‌ ده‌گرێته‌وه‌؟

هه‌ركه‌سێك ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ هاوڵاتیی‌ كوردستان بێت، هه‌روه‌ها هه‌ركه‌سێك ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ كارمه‌ندبێت یان كارمه‌ندی‌ حكومه‌ت نه‌بێت، بۆ كارمه‌ندی‌ حكومه‌ت به‌ مووچه‌ی‌ خۆیه‌وه‌ مۆڵه‌ت وه‌رده‌گرێت، بۆ كه‌سێكیش كه‌ كارمه‌ندی‌ حكومه‌ت نییه‌ حكومه‌ت بڕه‌ پاره‌یه‌كی‌ بۆ ته‌رخان ده‌كات كه‌ به‌رانبه‌ره‌ به‌ كه‌مترین مووچه‌ی‌ كارمه‌ندی‌ حكومه‌ت، به‌ڵام ئه‌م بڕه‌ پاره‌ له‌ ئێسته‌دا ته‌رخان ناكرێت به‌هۆی‌ قه‌یرانی‌ داراییه‌وه‌، واته‌ مۆڵه‌ت ته‌نها ئه‌و هاوڵاتییانه‌ ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ كارمه‌ندی‌ حكومه‌تن.

چۆن ده‌ست پێبكه‌م‌ و چی‌ بكه‌م بۆ سودوه‌رگرتن له‌ مۆڵه‌تی‌ به‌خێوكه‌ر؟

ئه‌و كه‌سه‌ی‌ داوای‌ مۆڵه‌تی‌ به‌خێوكه‌ر ده‌كات پێویسته‌ ئه‌م هه‌نگاوانه‌ بنێت:

1ـ پێویسته‌ سه‌ره‌تا نووسراوێكی‌ پشتگیریی‌ یان لارینه‌بوون له‌ فەر‌مانگه‌كه‌ی‌ خۆی‌ بهێنێت كه‌ ئاراسته‌ی‌ به‌ڕێوه‌به‌رایەتیی‌ چاودێریی‌ كۆمه‌ڵایه‌یه‌تی‌ كرابێت، چ ناو شاری‌ سلێمانی ‌‌و چ قه‌زاكانی‌ سنووری‌ پارێزگا.

2ـ له ده ره وه ی شار، سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی، دەربەندیخان و چەمچەماڵ و سەیدسادق، له ناوشاری سلێمانی، به ڕێوەبەرایەتیی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی، سلێمانی و پێداویستییه‌ سه‌ره‌كییه‌كان له‌گه‌ڵ خۆی‌ ده‌هێنێت، وه‌ك: ناسنامه‌+ كۆبۆنی‌ خۆراك + كارتی‌ زانیاری .

3ـ له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایەتیی‌ چاودێریی‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ به‌ نووسراوێك ده‌نێردرێت بۆ لیژنه‌ی‌ پزیشكیی‌ تایبه‌تمه‌ند.

4ـ پاشان به‌ سه‌رجه‌م پێداویستییه‌كان ‌و نووسراوێكه‌وه‌ ده‌نێردرێته‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی‌ گشتیی‌ چاودێریی‌‌ و گه‌شه‌پێدانی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ له‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌لایه‌ن لیژنه‌ی‌ تایبه‌تمه‌نده‌وه‌ په‌سه‌ند بكرێت ‌و پاشان داواكه‌ی‌ بۆ به‌رزبكرێته‌وه‌ بۆ وه‌زاره‌تی‌ كار، وه‌زاره‌تیش لای‌ خۆیه‌وه‌ ره‌زامه‌ندیی‌ وه‌زاره‌تی‌ دارایی‌ وه‌رده‌گرێت ‌و دواتر وه‌زاره‌ت خۆی‌ نووسراو ئاراسته‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ په‌یوه‌ندیدار ده‌كات .

ئه‌م مۆڵه‌ته‌ كارمه‌ندانی‌ چ وه‌زاره‌تێك ده‌گرێته‌وه‌؟

له‌ بنه‌مادا به‌پێی‌ بڕگه‌كانی‌ یاسا و رێنماییه‌كه‌ هه‌موو كارمه‌ندانی‌ حكومه‌ت ده‌گرێته‌وه‌ به‌بێ‌ جیاوازی‌، ئه‌گه‌ر رێگرییه‌ك هه‌بێت لای‌ وه‌زاره‌تێكی‌ دیاریكراوه‌وه‌ ئه‌وه‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌ یاساو رێنمایی‌ ئه‌و وه‌زاره‌ته‌وه‌یه‌ كه‌ رێگره‌ له‌و یاسا و رێنماییه‌ تایبه‌ته‌ی‌  په‌رله‌مانی‌ كوردستان‌ و وه‌زاره‌تی‌ كار كه‌ خزمه‌تێكه‌ بۆ هاوڵاتییانی‌ خاوه‌ن پێداویستیی‌ تایبه‌ت ‌و خێزانه‌كانیان .

ئه‌م مۆڵه‌ته‌ كه‌ی‌ به‌سه‌رده‌چێت؟

پێویسته‌ ساڵانه‌ هاوڵاتی‌ مۆڵه‌ته‌كه‌ی‌ نوێبكاته‌وه‌، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش هه‌مان رێگاكانی‌ سه‌ره‌تا ده‌گرێته‌ به‌ر، ئه‌وه‌ش له‌پێناو دڵنیابوونه‌وه‌ له‌وه‌ی‌ كه‌ هاوڵاتیی مۆڵه‌ت پێدراو خۆی‌ بۆ چاودێریكردن ‌و به‌خێوكردنی‌ كه‌مئه‌ندامه‌كه‌ ته‌رخانكردووه‌‌ و خاوه‌ن پێداویستییه‌كه‌ش له‌ ژیاندایه‌ و پێویستی‌ به‌و چاودێره‌ هه‌یه‌.

بابەتی پێشتر

وەزارەتی دارایی عێراق 761 ملیار دینار بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دەنێرێت

بابەتی دواتر

یەكێتی و گۆڕان كۆبوونەوە و ئامادەكارییەكانی قۆناغی دوای هەڵبژاردن تاوتوێكران

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share